عێراق پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا ھەیە
_(7)__2021_12_22_h15m28s39__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەمیننەوە و ناکشێنەوە و ئێمەش لەگەڵ مانەوەی ھێزی ئەمەریکاین لە عێراق، چونکە عێراق پێویستی بە ھێزی ئەمەریکا ھەیە .
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھێزەکانی ئەمەریکا ئەوانەی شەڕکەرن، ھەموویان کشاونەتەوە و ھیچی لە عێراق نەماون، بەڵام ھێزەکانی دیکە وەکوو ڕاوێژکاری و ھاوکاریکردنی ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە کە نزیکەی ٢ ھەزار و٥٠٠ سەربازن لە عێراق ماون و نەکشاونەتەوە و بەردەوامیش دەبن، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ھەرێم و ئەمەریکایە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت کە دەکشێنەوە، ڕاست نییە، چونکە دۆخی عێراق لەڕووی ئەمنییەوە ھێندە باش نییە کە ئەو ھێزانە نەمینێن، چونکە ھێزی ھاوپەیمانان بەگشتی ھاوکارن لەڕووی ئاسمانی و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاھێنان.''
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتیشی" ''ئێمە لەگەڵ مانەوەی ئەو ھێزانەین و ئەو کارەش بە ڕێککەوتن کراوە، چونکە عێراق پێویستی بەو ھێزانە ھەیە بۆ ئەوەی ھاوکاریی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکەن لەڕووی سەربازییەوە''.
بڵند ئیبراھیم




