دادگای فیدراڵی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسەند کرد

بەغدا-KDP.info- رێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەسەند کرد و بڕیارە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە وردەکارییەکان بە فەرمی رابگەیەنێت.
ئیسماعیل سایەمیر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی کۆبووەوە و تێیدا ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، بڕیاریشە ٢٦ی ئەم مانگە بە فەرمی وردەکارییەوە رابگەیەندرێن.
سایەمیر گوتیشی: "کە دادگا باسی لەوە کرد ٢٦ی مانگ وردەکارییەکان رادەگەیەنن، واتا ئۆتۆماتیکی پەسەند کراوە، بۆیە رۆژی ٢٦ی مانگ دەردەکەوێت گۆڕانکارییەکان چین و وردەکارییەکان چۆن بوونە ھەمووی بڵاو دەکرێتەوە، ئەوکاتیش دیار دەبێت کاردانەوەی لایەنەکان چۆن دەبێت".
دەشڵێ: "ئێمە لەبارەی وەرگرتنەوەی دوو کورسی بۆ پارتی، سکاڵامان تۆمار کردووە و چاوەڕێ دەکەین بزانین وەڵامی سکاڵاکەی ئێمە چۆنە و چی کراوە، چونکە غەدرێکی گەورە لە پارتی کراوە".
بڵند ئیبراھیم




