جووتسایدی كەلار - كفری لە ڕۆژانی ئایندەدا بە فەرمی دەكرێتەوە

گەرمیان-KDP.info- لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئیدارەی گەرمیان لە تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزارییەکان لە ساڵی 2021 چەندین پڕۆژە جێبەجێ کراون و بۆ ساڵی 2022ش چەندان پڕۆژەی نوێ ئەنجام دەدرێن.
ئەندازیار عومەر وەلی، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوونی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی بۆ ئیدارەی گەرمیان، ڕەزامەندی دەربڕی بە سەرفكردنی بودجەیەكی 16 ملیار دیناری بۆ پڕۆژە بەردەوامەكان و چەند پڕۆژەیەكی نوێ، لە ساڵی ئایندەوە چاوەڕێ دەكەین پارەكە سەرف بكرێت و پڕۆژەكان بكەونە بواری جێبەجێکردنەوە لە سێكتەرەكانی ڕێگاوبان و كارەبا و شارەوانی و تەندروستی و پەروەردە".
وەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ساڵی 2021 تواندرا پڕۆژەی سایلۆی گەرمیان تەواو بکرێت و سەرۆكوەزیرانی كوردستان خۆی هات و كردیەوە، کە 19 ملیار دینار بودجەكەی بوو".
ناوبراو دەشڵێ: "لیستی پڕۆژەكانمان لە وەزارەتی دارایی بۆ هاتووەتەوە، بۆ سێكتەری كارەبا بە بودجەی سێ ملیار دینار چەندین پڕۆژەیان ئێستا لە جێبەجێكردندان و چەند پڕۆژەیەكیشیان لە ساڵی نوێوە كاركردن تێیاندا دەست پێدەكات، هەروەها پێنچ گوند تاكو ئێستا كارەبایان نەبووە، كارەبایان بۆ ڕادەكێشین".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لە سێكتەرەكانی ڕێگاوبان و كارەبا و پەروەردە و ئاو و شارەوانی و تەندروستی، پڕۆژەكانمان بەشێكیان لە بواری جێبەجێكردندان و بەشێكیشیان بۆ ساڵی 2022 كاركردن تێیاندا دەست پێدەكات لەو بودجە 16 ملیارییەی سەرۆكوەزیران بۆمانی تەرخان كردووە".
لای خۆیەوە، ئەندازیار عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەڵێ: "شەقامی جووتسایدی كەلار - كفری قۆناغی چوارەمی كە كۆتایی بوو، تەواو بووە و لە ڕۆژانی ئایندەدا بە فەرمی دەكرێتەوە، کە بودجەی گشتیی پڕۆژەكە 70 ملیار دینار بوو، جوودتسایدی كەلار – دەربەندیخان دوو قۆناغە و قۆناغی یەكەمی تەواو بووە که 24 كیلۆمەتر بووە و بودجەكەی 47 ملیار دینار بووە، هەروەها قۆناغی دووەمی ڕێگاكە 55% تەواو بووە کە بودجەكەی 138 ملیار دینارە، ئێستاش كاركردن تێیدا بەردەوامە بەڵام بە خاوی".
ئاماژە بەوەش دەكات، بە بودجەیەكی 10 ملیۆن دیناری، تواندراوە ڕێگا بۆ 9 گوند چاك بكرێت، لەگەڵ چاكکردنەوەی ڕێگای ئەو گوندانەی بە هۆی لافاوە تێك چووبوون.
ئەو هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد: "لە سەردانەكەی سەرۆكوەزیراندا بۆ گەرمیان، ڕەزامەندی دا بە سەرفكردنی بودجەیەكی 275 ملیار دیناری بۆ دیواری ڕاگر لە دەربەندی سەرتەك، بەهیواین لە ساڵی نوێدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




