سەربەست مستەفا: رێگاکان کراوەن لەبەردەم دادگادا، بەڵام ئەنجامەکان ھەڵناوەشێنەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدراڵی لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان کۆدەبێتەوە و رەنگە ئەمڕۆ بڕیارێک بدەن، بەڵام ھەر چۆنێک بێت ئەگەر دواش بکەوێت، ئەنجامەکان ھەڵناوەشێنەوە.
سەربەست مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکان کۆدەبێتەوە، بەڵام داواکارییەک لەلایەن کوتلەی فەتح پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان ھەڵوەشێندرێنەوە و پێویستە ئەوە یەکلا بکەنەوە، بۆیە ڕەنگە ئەمڕۆ بریارێک بدات، جا ئایا پەسەندی بکات یاخود دوای بخات یانیش پەسەندی بکات و دواتر داواکارییەکە یەکلا بکاتەوە، یاخود بەشێکی پەسەند بکات و بەشێکی دوابخات، چونکە ماددەی ٩٣ بڕگەی ٧٠ مافی بە دادگا داوە بە ئارەزووی خۆی ھەر کاتێک بیەوێت بێ ئەوەی کاتی بۆ دیاری بکات، ئەنجامەکان پەسەند بکات یاخود نا.
مستەفا ڕوونیشی کردەوە، کوتلەی فەتح داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی کردووە، بەڵام دادگا ئەو بڕیارە نادات و ڕەنگە ھەندێک بڕیار بدات و ھەندێک ناو پەسەند نەکات کە تاوانیان لەسەر بێت، یاخود ھەندێک رێکاری کۆمسیۆن و یاساکە بە دەستووری نەزانێت، یاخود دووبارە بەشێکی دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، ئەوانە ھەمووی واردن و رێگاکان کراوەن لەبەردەم دادگادا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەگەر دواش بخرێت، ئەنجامەکان ھەڵناوەشێنەوە، چونکە پڕۆسەکە بێ کێشە بووە و ھەر چۆنێک بێت ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت، پەسەند دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




