لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا باسی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی نەزاھە لە ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ یەکەم جار دەستەی نەزاھە بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە لە کۆنگرەیەکی جیھانیدا بۆ بەرنگابوونەوەی گەندەڵی بەشداریی کرد کە ١٦٠ ئەندام بەشدار بوون و ''ئێمەش وەکوو نوێنەری ھەرێمی کوردستان باسی ھەنگاوەکانی چاکسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵیمان کرد.''
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەشداریمان لە کۆنگرەی ئەوانەی ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی کرد و، لەو کۆنگرەیەدا ١٦٠ ئەندام بەشدار بوون و دوو ساڵ جارێک ساز دەکرێت و ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشدار دەبن و ھەر وڵاتێک باسی وڵاتەکەی خۆی دەکات و لە پەراوێزی کۆنگرەشدا کۆمەڵێک دیدار کرا، ئێمەش توانیمان سوودی باش وەرگرین و لەگەڵ کۆمەڵێک دەزگای ھاوشێوەی خۆمان دیدارمان ھەبوو و ھەرێمی کوردستان یەکەم جارە بەشداری دەکات و گرنگیی زۆری بۆ ئێمە ھەبوو .''
حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: ''توانیمان لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بە یوئێن و ئیمارات و کوێت و فەرەنسا پەیوەندیی باش دروست بکەین، بۆیە دەرفەتێکی باشە کاری لەسەر بکەین و بڕیارە پەیوەندییەکان بەردەوام بێت، بۆیە دەرفەتێکی باش بوو، چونکە زانیمان لە وڵاتان چۆن لە بواری گەندەڵی کار دەکرێت، کۆنگرەکە ٥ ڕۆژ بوو و لە کۆبوونەوەکانی داھاتووشدا ئێمە بەشدار دەبین.''
گوتیشی: ''یەکەم جارە ئێمە بەشدار بووین و ئەوانەی کونسووڵخانەیان لە ھەرێم ھەیە زانیارییان لەسەر ھەرێم ھەبوو و ئەو دەزگایانەی ھاتبوون کە بەرەنگاری گەندەڵی دەبنەوە و بەشێک لە وەزارەتی دادی وڵاتانیش ھاتبوون، وەکوو تورکیا و ئێران و ئێمەش باسی چاکسازیی خۆمان کرد و ئەو کارانەی بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی کراوە کردمان، بۆیە بەگشتی باسی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیمان کرد و ئەو چاکسازییانەی ئێمە کردوومانە و ئەوانیش ئەو زانیارییانەیان بە گرنگ وەرگرت و ئێمەش دەتوانین سوودی باشی لێ وەرگرین.''
بڵند ئیبراھیم




