٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار: ئەمساڵ بودجەی پڕۆژەكانی هه‌ڵه‌بجه‌ 30 ملیار دینار بووه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێ، بۆ ساڵی 2021 چەندین پڕۆژە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كراون و چەند پڕۆژەیەكیش لە ئێستادا كاركردن تێیاندا بەردەوامە، بۆ ساڵی داهاتووش پلانی ئەوەیان هەیە چەندین پڕۆژەی نوێ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

كاوە عەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەتای ساڵی 2021 حكوومەت بڕیاری دا بە دەستپێكردنەوە لە 12 پڕۆژە، کە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگاكان و وەبەرهێناندا بوون، لەگەڵ 23 پڕۆژەی تری بچووك و گەورە، کە بودجەی پڕۆژەكان 30 ملیار دینار بوو".

عەلی گوتیشی: "لەسەر بودجەی وەزارەتی ناوخۆ، پڕۆژەی تەلاری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی كاركردن تێیاندا دەستیان پێكرد و قۆناغی باشیان بڕیوە، هەرچەندە لە ئێستادا كاركردن لە پڕۆژەی بینای بەرگریی شارستانی وەستاوە".

زیاتر دەڵێ: "14 پڕۆژە بودجەكەیان دوو ملیار دینارە و كاركردن تێیاندا بەردەوامە و بەشێك لە پڕۆژەكانیش پڕۆژەی نوێن و بەشێكیشیان ئەو پڕۆژانەن، کە بە هۆی نەبوونی بودجەوە كاركردن تێیاندا وەستابوو".

"پڕۆژەی پرد و ڕێگای تووە قووت لە مانگی 10ی ئەمساڵەوە خراوەتە تەندەرینەوە و بڕیارە ئاڕاستەی ئەو كۆمپانیایە بكرێت، كە تەندەرەكەی باشترین بووە، تاكو گرێبەستی لەگەڵ بكرێت، داواشمان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردووە چاودێریکردنی پڕۆژەكە لەلایەن پارێزگای هەڵەبجەوە بێت تاكو بە وردی چاودێریی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بكەین". كاوە عەلی وای گوت.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، لەسەر بودجەی 30 ملیار دینارەكە ساڵی 2021 حكوومەت پارەی پڕۆژەكان خەرج دەکات، کە چەندین پڕۆژەی نوێی تێدایە لە سێكتەرەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و قیرتاو و كۆنكرێتكردن، کە لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و ناحیەكانی بیارە، سیروان، بەمۆ و خورماڵن.

جێگری پارێزگار دەشڵێ: "لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، حكوومەتی عێراق بودجەكەی دابین دەكات و داواشی لە حكوومەتی هەرێم كردووە پڕۆژەیان بۆ بنێرێت، کە بودجەی پێنچ ملیار و 166 ملیۆن دینار بۆ هەڵەبجە دیاری كراوە و پڕۆژەكایشنمان ناردووە، کە بڕیار بوو بۆ ئەمساڵ لە حكوومەتی عێراقەوە چوارملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ هەڵەبجە بنێردرێت، بەڵام خەرج نەكراوە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار