دکتۆر ئاراس بۆ KDP: پلانمان داناوە خانوو بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست بکەین

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای وەبەرھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمساڵ ھەزار و ٣٧٠ خانوویان بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست کردووە و، ئێستاش پلانیان داناوە بۆ ئەوەی خانوو بۆ کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعش دروست بکەن.
دکتۆر ئاراس حەسۆ میرخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لە سنووری سێلمانی ئەمساڵ دوو وەجبە خانوومان بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست کردووە، وەجبەیەک ٨٧٠ خانوو و وەجبەی دووەمیش ٥٠٠ خانوومان دروست کردووە، کە هەموویان تەواو بوونە و دراون بە کەسوکاری شەھیدان، لەناو سلێمانی ٥٠٠ خانوو و لە رانیە و چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و کەلار ٨٧٠ خانووەکەی دیکە دروست کراون".
میرخان گوتیشی: "ئێستا ئەولەویەت بۆ کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعشە کە خانوویان بۆ دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حکوومەت لەسەر خەتین و حکوومەت خۆشی پلانی ھەیە و ئەگەر ئەوانیش نەیکەن، ئێمە خۆمان پلانمان ھەیە و ئێمە شەھیدی زۆرمان ھەیە ھی شەڕی داعش، بۆیە دروستکردنی خانوو بۆ کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعش، دەکەوێتە ساڵی داھاتوو".
دەشڵێ: "ھەر چۆنێک بێت کاری جیددی دەکەین بۆ ئەوەی کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعشیش ببنە خاوەن خانوو، جا حکوومەت بۆیان دروست بکات یاخود ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە لە ھەوڵەکان بەردەوام دەبین تا کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعش دەبنە خاوەن خانوو".
بڵند ئیبراھیم




