٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژبەیانی بۆ KDP: ھەنگاوەکان بەرەو رێگایەکی باش دەڕۆن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ دروستکردنی ھێزی ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان، ھەنگاوێکی گرنگە و بووەتە ھۆی ئەوەی بۆشایی ئەمنی پڕ بکرێتەوە و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

جوان رۆژبەیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە بۆ دروستکردنی ھێزی ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان، جارێکی دیکە ئارامیی بۆ ئەو ناوچانە گەڕاندووەتەوە و بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵک چیتر بە ھۆی داعشەوە ھەست بە مەترسی نەکەن، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دۆخی ناوچەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە و دەبێتە ھەنگاوێکی گرنگ، چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دۆخی ئەو ناوچانەبە بە تەواوی تێکچووبوو.

رۆژبەیانی گوتیشی، ئەو رێککەوتنە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە کە لە ناوچەکە ھەبوو، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت بۆ خۆی بەکاری بێنێت، چونکە بینیمان بە ھۆی ئەو بۆشاییە لە سنووری مەخموور چەند شەھیدمان دا، بۆیە حکوومەتی عێراق ھەستی کرد مەترسی ھەیە و ھاتە سەر خەت لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆشاییەکە بە ھێزی ھاوبەش پڕ کرایەوە، بۆیە ھەنگاوەکان بەرەو رێگایەکی باش دەڕۆن و دۆخەکە باشتر دەبێت و خەڵکیش ژیانێکی ئارامتر بەسەر دەبەن.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ئەوەی کراوە، ھەنگاوی باشە بۆ پارێزگاری لە بۆشایی ئەمنی، بەڵام پێویستی بە زیاترە بۆ ئەوەی بۆشاییەکە بە تەواوی پڕ بکرێتەوە، بۆیە پێویستە چەند ھەنگاوێک بنرێن بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، ئەویش بۆشایی ئەمنی بە تەواوی پڕ بکرێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە و ھێزی پێشمەرگە بچێتەوە ئەو ناوچانە، هەروەها لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانیەکان کارا بکرێنەوە و دەستبەکار ببنەوە، بەو رێگەیە داعشیش بەرەو نەمان دەچێت، چونکە داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنیی نێوان ھەرێم و بەغدا بینیوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار