"پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی قوشتەپە لە پاشماوەی لافاو دەستی پێ کردووە"

هەولێر -KDP.info- ماوەی دوو ڕۆژە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی ناحیەی قوشتەپە لە پاشماوەی لافاو دەستی پێ کردووە و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، بەهۆی لافاوی ڕۆژی هەینییەوە قوشتەپە پشکی شێری لە زیانەکان بەر کەوتووە.
ستار ئاغا، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناحیەی قوشتەپە لە زیانەکانی لافەوەکەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو پشکی شێری بەر کەوتووە، کە زیاتر لە 500 ماڵ زیانیان بەر کەوتووە و 240 ماڵی کەمپی کوردانی ڕۆژاوا ژێر ئاو کەوتوون و زیان بە 400 ئۆتۆمبێلیش گەیشتووە، ماوەی دوو ڕۆژە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی پاشماوە و شوێنی لافاو دەستی پێ کردووە و هەڵمەتەکەش لەلایەن تیمەکانی حکوومەت و خەڵکی خۆبەخشەوە بەڕێوە دەچێت و تا پاشماوەکە بەتەواوی خاوێن دەکرێتەوە، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت.''
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە دەشڵێت: "تیمەکانی سەر بە حکوومەت لەڕێگەی ئامێری گەورەوە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی شوێنی ئاوی باران لە سەنتەری ناحیەی قوشتەپە فراوان بکرێت و چەند کەندێکی ڕێڕەوی باران هەن پێویستیان بە فراوانکردن هەیە تا جارێکی دیکە کارەسات دروست نەبێتەوە و گیان و ماڵی هاووڵاتییان پارێزراو بێت."
ستار ئاغا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئاماری زیانەکانی لافاوەکەی قوشتەپە ڕادەستی پارێزگای هەولێر کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی زەرەرمەندی لافاوی ڕۆژی هەینی، بەتایبەتی هەندێ لەو کەسانەی ماڵیان ژێر کەوتووە و زیانی زۆریان بەر کەوتووە.''
قائید میرۆ




