بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی خابیر پێنج بەنداو جیا جیا دروست دەکرێت
__2021_12_20_h15m13s19__ER.jpg)
زاخۆ -KDP.info- بەمەبەستی جوانکردن و گەشتوگوزار و کاری بازرگانی و وەبەرھێنان لە زاخۆ لەسەر ئاوی خابیر پێنج بەنداو دروست دەکرێت کە گرنگییەکی زۆری بۆ خزمەتکردنی قەزای زاخۆ دەبێت و ئێستا پارەکەی تەرخان کراوە کە ٣ ملیار دینارە و لە قۆناغی وردبینیدایە .
ھێژا محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە زاخۆ پێنج بەنداو کە پێی دەگوترێت (دیوار بەنداوەکان) لەسەر ئاوی خابیر دروست دەکرێت بۆ جوانکاری و گەشتوگوزار و پڕۆژەی وەبەرھێنان و شوێنی بازرگانیی لێ دەکرێتەوە کە ئەو بەنداوانە نین کە گەورەن و بۆ کۆکردنەوەی ئاو دروست دەکرێن، چونکە ئەوانە پارەیەکی زۆریان پێویستە، بۆیە ئەو پێنج بەنداوە زۆر گرنگە بۆ زاخۆ و گرنگییەکی تایبەتی دەبێت و ئێستا لە قۆناغی وردبینیدایە بۆ ئەوەی بکرێتە تەندەر و بدرێتە وەبەرھێنەران و پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی دوایی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بکەوێتە خزمەت ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ''.
ھێژا محەمەد گوتیشی: ''تێچووی ئەو پڕۆژەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەرخانی کردووە ٣ ملیار دیناری عێراقییە، بۆ ئەوەی بتواندرێت پڕۆژەکەی پێ تەواو بکرێت''.
گوتیشی: ''٢ ملیار و٥٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی تەرخان کراوە، ئەوەش ئێستا کاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، جگە لەوە، بە ٨٠٠ ملیۆن دیناریش زیاتر لە ٣٠ قوتابخانە نۆژەن دەکرێتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




