حکوومەتی ھەرێم فەرمانی دامەزراندنی ٤٢٤ دەرچووی دەرکرد

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێم بڕیاری دامەزراندنی ٤٢٤ دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی گشتی لە ھەرێمی کوردستان دەرکردووە و دەست بە مامەڵەکانیان دەکەن و دادەمەزرێن، کە ئەوانە دەرچووی ساڵی ڕابردوون.
دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دەمێکە نووسراوی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکیی گشتی ساڵی ڕابردوو ٢٠٢٠_٢٠٢١ رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرابوو، ئێستاش ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر داوە و فەرمانی دامەزراندنیان دەرچووە ، کە ٤٢٤ دەرچوون لە ھەرێمی کوردستان.
حەوێزی گوتیشی، ئێستا فەرمانی دامەزراندنیان دراوە و تەنھا ماوە مامەڵەکانیان ئەنجام بدرێت و دەستبەکار دەبن، بەڵام ئەمە ئەوانەن کە دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی گشتین.
بڵند ئیبراھیم




