وەزارەت: پەڵەی داوە و جووتیاران دەتوانن گەنم و جۆ بچێنن

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو بارانەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا باریوە، سوودێکی باشی بۆ جووتیاران دەبێت و دەتوانن دەست بە چاندن بکەن، چونکە بارانی پێویست باریوە و پەڵەشی داوە.
حوسێن حەمەکەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەو شەپۆلەی بارانبارین کە ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندن بکەن و گەنم و جۆی خۆیان بچێنن، کە خوای گەورە ھاوکار و پشتیوان بێت و باران بەردەوام بێت لە مانگی سێ و چواردا، زۆر گرنگە بۆ دانەوێڵە، بۆیە جووتیاران دەتوانن دەست بە تۆوکردن بکەن، چونکە پەڵەی داوە و بارانی باش باریوە، بەڵام بۆ مانگەکانی دیکەش پێویستمان بە بارانبارین ھەیە، چونکە ٢٠ تا ٣٠ ملم زەوی شێ وەرگرێت، دەشێ بۆ تۆوکردن".
حەمەکەریم ڕوونیشی کردەوە، ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن دۆنم زەوی دەشێ بۆ چاندن ئەگەر باران ببارێت لە ھەرێمی کوردستان.
گوتیشی، لە ناوچەکانی مسۆگەر پێویستە باران ساڵانە لە سەرووی ٤٠٠ملم بێت و بۆ ناوچەکانی دیکەش پێویستە ٢٠٠ تا ٤٠٠ملم باران ببارێت، کە بە شێوەیەکی یەکسان باشە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێ، ھەرچەندە بارانبارین ھەندێک دواکەوت و کاریگەریی لەسەر بەرھەم دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی باشە و سوودی باشی بۆ جووتیاران دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




