کارگەیەکی بەناوبانگی دەرمان لە هەولێر دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە کارگەیەکی بەناوبانگی دەرمان لە هەولێر بکرێتەوە و بەرپرسێکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانیش دەڵێ، کارگەکە بڕاندێکی دەرمانی هیندستانە و چەندین کارگەی دیکەش دوای ئەو دەکرێنەوە.
کەمال ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، وڵاتی هیندستان بڕیاری کردنەوەی ژمارەیەک کارگەی بڕاندی لە هەرێمی کوردستان داوە و لە ئێستادا بازرگانە هیندییەکان بەدوای هاوبەش و رێوشوێندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کارگەی کەلوپەلی هیندی لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکاریان دەبێت بۆ ئەوەی ئەو کارگانە لە هەرێم بکرێنەوە.
بەرپرسەکەی وەبەرهێنەران گوتیشی، یەکێک لەو کارگانەی بڕیارە لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، کارگەیەکی دەرمانی بەناوبانگی هیندستانە، ئێستا بەرهەمی کارگەکە لە رێگەی کۆمپانیایەکی خۆماڵی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دابین دەکرێت، بەڵام بڕیارە کارگەکە خۆی لقێک لە هەولێر بکاتەوە و پێداویستیی دەرمان لێرە بەرهەم بهێنن.
کەمال ئەحمەد روونیشی کردەوە: "هیندستان لە رووی تەندروستی و زانستی پزیشکییەوە، پێشکەوتووە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان دەمانەوێ سوود لە ئەزموون و بەرهەمی هیندستان وەربگرین، لە داهاتوودا هیندستان رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان".
قائید میرۆ




