"رێكارەكانی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان تەواو بوون"

ھەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق رایگەیاند، ھەموو رێكارەكانی ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری ھەرێمی كوردستان لە بەغداوە تەواو بوون و تەنھا ماوە پارەكە رەوانە بكرێت، چونكە ھیچ كێشەیەك لە ناردنی پارەكەدا نییە و بەردەوامیش دەبێت بەپێی ئەو رێككەوتنەی كراوە تا بودجەی نوێ پەسەند دەكرێت.
دكتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، نووسراوی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان لە بەغدا تەواو بووە و وەزارەتی داراییش رێكارەكانی تەواو كردووە و هەروەها وەزیری داراییش ئیمزای كردووە و تەنھا ماوە رەوانە بكرێت، چونكە ھیچ رێكارێك نەماوە و تەنھا ماوە رەوانە بكرێت، بەڵام پێویستە حكوومەتی ھەرێم بەدواداچوون بكات، بۆ ئەوەی بتواندرێت پارەكە رەوانە بكات، چونكە ھیچ كێشەیەكی نییە و تەنھا ماوە رەوانە بكرێت.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق گوتیشی، ئێستا بەڕێوەبەرێكی گشتیش دەتوانێ پارەكە رەوانە بكات و بانكی ناوەندی ناتوانێ ناردنی پارەكە رابگرێت، چونكە وەزیری دارایی ئیمزای كردووە و پێویستە لە ماوەیەكی نزیكدا پارەكە رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكرێت.
فازڵ نەبی ڕوونیشی كردەوە، ناردنی ئەو پارەیە بۆ ھەرێمی كوردستان ھەروا ئاسان نییە و لەخۆڕاش نییە، بەڵكو بەپێی رێككەوتن و بودجەی گشتیی عێراقیش، ئەمساڵ پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە رێككەوتنەكە بەردەوامە و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت تاوەكو بودجەی نوێ پەسەند دەكرێت، ئەوەش كاتی پێویستە تا حكوومەتی نوێ دروست دەبێت، بۆیە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان مانگانە بەردەوام دەبێت تا ساڵی داھاتوو بودجەی نوێ پەسەند دەكرێت.
بڵند ئیبراھیم




