٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسعود نووری: ڕەوشی ئەمنیی گوێڕ کۆنتڕۆڵ کراوە

سەرچاوە: KDP.info

گوێڕ -KDP.info- دوای زیادبوونی جووڵەی داعش لە سنووری مەخموور, بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ ئاشکرای کرد، بەھۆی ھەبوونی ھێزی پێشمەرگەوە ڕەوشی ئەمنیی ناحیەی گوێڕ کۆنتڕۆڵ کراوە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە تۆکمە کراون بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستان.

مەسعود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناحیەی گوێڕ لەڕووی ئەمنییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و لەدوای شەڕی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھێزی پێشمەرگە تێیدا جێگیر کراوە، ھەرچەندە چەکدارانی داعش لە سنووری چیای قەرەچۆغ ھەن، بەڵام بەھۆی ھەبوونی سەنگەر و بارەگای پێشمەرگەوە مەترسیی ئەوتۆ لەسەر شارەدێی گوێڕ نییە، چونکە ھەر ھێرشێک بکرێتە سەر گوێڕ  پێشمەرگە لە سەنگەردان بۆ وەڵامدانەوە.''

بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھیچ چەکدارێکی داعش لەو سنوورەی گوێڕ نییە کە لەژێر دەستی ھێزی پێشمەرگەدایە و ئەگەر مەترسییش ھەبێت بەھۆی بۆشاییی ئەمنیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکانە و ئەوبەری زێی گەورە لە سنووری پارێزگای نەینەوایە.''

مەسعود نووری گوتیشی: "ھاووڵاتیانی سنووری گوێڕ دڵنیا دەکەینەوە لە پاراستنیان، هەر ھەوڵێکی تیرۆریستی ھەبێت بۆ تێکدانی ڕەوشی گوێڕ ئەوە ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان بەردەوام لە ئەرکدان و ھاووڵاتیانی سنوورەکەش ھاوکارن بۆ پێدانی زانیاری.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار