"لافاو گیانی ھاوکاریی زیاتر کردووە"

هەولێر -KDP.info- دوای لافاوەکەی ھەولێر لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کەمپینی ھاوکاری ڕاگەیاندراوە و خەڵک بەبێ جیاوازی لە کاتی تەنگانەدا بە ھانای یەکترەوە دەچن، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆکیش دەڵێت، ''ڕۆڵی ھاوکاریی خەڵکی ھەولێر بۆ ناوچەکانی دیکە لەبیر ناکرێت و ھەموومان قەرزاری ھەولێرین''.
فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خەڵکی دھۆک و بادینان قەرزاری خەڵکی ھەولێرن، چونکە لە کاتی تەنگانەدا خەڵکی ھەولێر بە ھانای خەڵکی دھۆکەوە ھاتوون و درێغییان نەکردووە لە دەستی ھاوکاری، لەبیرمە کاتێک پڕۆسەی ئەنفالی ڕەش بەسەر خەڵکی بادیناندا ھات، ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی دھۆک لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی بەعسەوە بۆ دەوروبەری ھەولێر ڕاگوێزران و ھیچ ھاوکارییەکیش نەبوو ئەوکات، بەڵام خەڵکی ھەولێر سەرەڕای ترس و زۆڵمی بەعس بە ھەموو لایەکەوە ھاوکارییان گەیاندە خەڵکی بادینان.''
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەڵێت: "لە دێرزەمانەوە گیانی ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەر ھەبووە لە نێوان ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا، ئەوەی ئەمڕۆ ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان کۆمەک بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی ھەولێر کۆ دەکەنەوە منەتێک نییە بەسەر خەڵکی ھەولێرەوە، بەڵکوو ئەو ڕۆژانەمان بەبیر دێنێتەوە کە ھەولێرییەکان دەستی ھاوکارییان بۆ درێژ کردووین، لە ئیدارەی دھۆک کەمپینی ھاوکاری ڕاگەیەندراوە و ھیوادارین خەڵکی دھۆک درێغی نەکەن لە گەیاندنی ھاوکاری بۆ ھەولێر.''
بارزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پشتیوانیی کەمپینی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتوونی ھەولێر دەکات، چونکە ئەمە گیانی ھاوکاریی پێویستە لە نێوان ھەموومان، سەرەڕای ھەندێ گلەییی کارگێڕی و سیاسی، بەڵام لە کاتی پەیدابوونی کارەساتدا ھێشتا خەڵکی ئێمە ئەوەی تێدا ماوە ھاوکاری یەکتر بن و لە کاتی تەنگانەدا بە ھانای یەکترەوە بچن، بەتایبەتی ئێمە زیاتر نەتەوەیەکین و ئایینێک کۆمان دەکاتەوە، پێشتریش ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەبووە لە نێوان ھەموو ناوچەکان، نەخاسمە لە کارەساتێکی سروشتیی وەک لافاودا، داوا لە خەڵکی سلێمانی دەکەین ھاوکاری برایانی خۆیان بن لە ھەولێر.''
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر پێی وایە لە کاتی دروستبوونی کارەسات ئەرکی ھەموو ھاووڵاتیان و چین و توێژەکانە ھاوکاری یەکتر بن و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ئەوەی لە ھەولێر ڕووی داوە کارەساتێک بووە خەڵکی ھەموو کوردستان ھەست بەوە دەکەن و پێویستی بە ھاوکارییە، ئێمە سوپاسی ھەموو ناوچەکانی دیکە دەکەین کە ھاوکاریی زیانلێکەتووانی ھەولێرن، چەندین جار کارەسات و لێقەومان ھەبووە و ھەموو لایەک ھاوکار بوونە و لە ساڵی ١٩٥٧ کارەساتێکی ھاوشێوەی ھەولێر لە سلێمانی ڕووی دا و ھەولێرییەکان وەک ئێستای سلێمانی کەمپینی کۆکردنەوەی ھاوکارییان ڕاگەیاند.''
قائید میرۆ




