لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر بەڕێوە دەچێت

سۆران-KDP.info- لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەمپینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت و کەمپینەکە سنووری هەرچوار قەزاکانی سۆران و ڕواندز و چۆمان و مێرگەسۆر و ناحیەکان و گوندەکان دەگرێتەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩/١٢/٢٠٢١، وەک ئەرکێکی مرۆیی و دڵسۆزی و هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی شاری هەولێر لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوری ئیدارەی سۆران کەمپینێکی هاوکاری بۆ هاونیشتیمانیانی سنوری پارێزگای هەولێر ڕادەگەیەنین.''
گوتیشی: ''بە هەماهەنگیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و لایەنی سیاسی و خێرخوازان و تەواوی چین و توێژەکان لە شار و شارۆچکەکان هاوکارییەکان کۆ دەکرێنەوە''.
جەختی لەوەش کردەوە: "هاوکارییەکان هەموو پێداویستییەکان دەگرێتەوە و ماوەی یەک هەفتە کەمپینەکە بەردەوام دەبێت''.
سیروان سابیر




