پارێزگاری هەولێر: زیانەکان بە بڕی 20 تا 21 میلیار دینار خەمڵێندراون

ھەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ، یەکشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە زیانەکانی لافاوی شەوی 17/12/2021 زیانیاریی وردی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، بۆ گیانی پاكی شههیدان و قوربانیانی لافاوهكه، بۆ سهری ساڵ هیچ بۆنهیهكی فهرمیمان نابێت.
ئومێد خۆشناو گوتی: ''زیانەکانی لافاوی شەوی 17/12/2021 کە 15 شوێنی لە ناحیە و قەزا و سەنتەری شار و گوندەکانی دەوروبەر گرتووەتەوە بریتی بووە لە گیان لەدەستدانی 12 کەس کە تەرمی 10 کەسیان لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە ڕادەستی خانەوادەکانیان کراوە؛ سێ هاووڵاتیی ناوخۆ، کوردێکی ئێزدی، سێ هاووڵاتیی عەرەب و هاووڵاتییەکی تورک و دوو هاووڵاتیی نیپاڵی بوون و دوو کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن''.
سەبارەت بە زیانە ماددییەکانیش پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ''کەلوپەلی ناوماڵی دوو هەزار و 509 خێزان بەتەواوی لەناو چووە و 402 خانوو دیواریان ڕووخاوە و دەرگا و پەنجەرەیان تێک چووە، هەروەها 867 ئۆتۆمبێل زیانیان پێ گەیشتووە کە جگە لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان ژمارەیەکیش ئۆتۆمبێلی حکوومین کە بۆ یارمەتیی هاووڵاتییان چوون و تووشی زیان بوون''.
زیاتر گوتی: 153 دووکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەراجیش زیانیان بە بەر کەوتووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و مەڕ و ماڵاتیش زیانیان پێ گەیشتووە''.
سەبارەت بە زیانەکانی خزمەتگوزاریی گشتیی حکوومەتیش پارێزگاری هەولێر گوتی: ژمارەیەکین زۆر شەقامی گشتی و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و پرد و قوتابخانە و بینای حکوومی زیانیان پێ گەیشتووە. هەروەها هەردوو بەنداوی بچووکی بێستانە و کەردز زیانیان بەبەر کەوتووە و ئێستا تیمەکانمان خەریکی چاککردنەوەیان و رەواندنەوەی مەترسییەکانن''.
گوتیشی: بەگشتی زیانەکان بە بڕی 20 تا 21 میلیار دینار خەمڵێندراون.
قائید میرۆ




