جێگری پارێزگار: هەموو ئاماداکارییەکی پێویست کراوە.. دواتر ڕوون دەبێتەوە

ھەولێر -KDP.info- ئەمرۆ یەکشەممە، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، دوای دەرچونی فەرمان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر دەستبەکار بوو و یەکەم شوێن سەردانی ناحیەی قوشتەپەیان کرد و بڕیارە بچنە هەموو ئەو شوێنانەی کە پێویستە بە چاو ببیندرێن.
جێگری پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی کردەوە کە لیژنەکە لە هەموو ئەو شوێنانە دەکۆڵێتەوە کە ڕێرەو و سەرچاوەی هاتنی ئاوە بۆ ناو کۆمەڵگاکان و گەڕەکەکان، بۆ ئەوەی بزانێت هۆکارەکەی چییە و بۆچی ڕێڕەوی ئاوە سروشتییەکە گیراوە.
هێمن قادر سەبارەت بە ڕێژەی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەرەرمەند بوون، ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەی دیکە هەیە بۆ بەراوردکردن و نووسینی زەرەر و زیانەکان. تا ئێستا بەوردی ڕێژەی زیانەکان دیار نەکەوتووە، بەڵام ڕێژەکە گەلێک زۆرە و قوشتەپە لەو شوێنانەیە کە زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە هەم لە ڕووی گیانی و هەم لە ڕووی ماددییەوە.
جێگری پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەش کردەوە کە لێپیچینەوە لە هەموو ئەو هۆکارانە دەکرێت وا بوونە هۆی هەستانی لافاو و زیانگەیاندن بە خەڵک و ئەوەی کە حکوومەت تووشی گرفت ببێت و هەموو ئەو بەربەستانەی کە هەن لادەدرێن''.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی لە حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی پێشوو، هێمن قادر گوتی: ''ئەو بڕە پارەیەی لە حکوومەتی فیدراڵەوە هات سێ میلیار دینار بوو کە بە درەنگەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەدەستمان گەیشت، بەڵام ئێمە وەکوو پارێزگای هەولێر بڕێک پارەمان دابین کرد، چونکە ئەو سێ میلیارە بەشی قەرەبووی ئەو هەموو خەڵکەی نەدەکرد کە لە لافاوەکەی پێشتر زیانیان پێ گەیشتبوو، ئەو بڕە پارەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی زەرەری هەر خانەوادەیەک دابەش کراوە و ئەوەی ماویشە دابەش دەکرێت''.
هێمن قادر ئەوەشی گوت: ''ئێمە و هەموو لیژنە تایبەتمەندەکان سەرنج و تێبینیمان لەسەر چەند شوێنێک هەیە و تەئکید لە هەموویان دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن مۆڵەتیان پێ دراوە، ئاخۆ مۆڵەتی فەرمییان هەیە؟ یان بە شێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون، کە هەمووی ئەوانە دواتر بڕیاریان لێ دەدرێت''.
جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ''تا ئێستا ١٢ کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان سپاردووە کە تەرمی دوو کەسیان تا ئێستا نەدۆزراونەوە و لەلایەن بەرگریی شارستانی و تیمی غەواسەوە بەردەوامین لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەوانەدا کە دیار نین''.
سەبارەت بە ئەگەری هەستانەوەی لافاو بۆ جارێکی تر کە بەپێی پێشبینییەکان بۆ ڕۆژی دووشەممە شەپۆلێکی دیکەی بارانی بەخوڕ بەڕێوەیە، هێمن قادر گوتی: ''هەموو ئاماداکارییەکی پێویست لەلایەن بەرگریی شارستانی و شارەوانی و ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و تەندروستیی قەزا و ناحیەکانەوە کراوە و بەڕێوەبەرانی قەزا و ناحیەکان هەموویان لە ئامادەباشیدا دەبن''.
سەبارەت بەو کۆمەڵگایانەی کە دەگوترێت بەربەستیان لەسەر ڕێڕەوی ئاو و ئاوەڕۆکان دروست کردووە و هۆکارن بۆ هەستانی لافاو، جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی: کاری لیژنەکە ئەوەیە کە لە هەمووی ئەوانە بکۆڵێتەوە و دواتر هەمووی ڕوون دەبێتەوە.




