ماڵپەری فەرمیی پارتی، ناوهڕۆكی كۆبوونهوهكهی ئهمڕۆی پارتی و یەکێتی دهخاته ڕوو

ھەولێر -KDP.info- سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی دەکات و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و لە دەباشان لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامیێتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە لە مەحموود محەممەد، جەعفەر ئێمینکی، زەعیم عەلی، عیزەدین بەرواری، عارف تەیفوور، رێبوار یەڵدا، ھەروەھا ئەندامانی سەرکردایەتیی، عەلی حوسێن و خەسرەو گۆران دەبێت.
سەرچاوەکەی مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بەو بابەتانەش کرد کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ یەکێتی باسی لێوە بکەن، لەوانەش رۆڵی کورد لە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و دۆخی نێوخۆیی ھەرێمی کوردستان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد.
ھەڵکەوت محەمەد




