هەڵەبجە: کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هەولێر ڕاگەیەندرا

هەڵەبجە -KDP.info- ئیقبال غەفار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ وەک ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە کۆ بوونەتەوە لەسەر دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی کارەساتی لافاوەکەی هەولێر و ڕاگەیاندنی کەمپینی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان بە دروشمی ''ئازارەکانتان ئازاری ئێمەشە''.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دەمانەوێت هاوکارییەک کۆ بکەینەوە کە جێگا بگرێت، بۆیە بڕیار درا لە کەمپینەکە جۆری وەرگرتنی بەخشین لە هاووڵاتییانی هەڵەبجە تەنها پارە بێت، چونکە پارە زۆر بەئاسانی دەگاتە دەستی زیانلێکەوتووان".
عومەر فارس، بەرپرسی ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و بەشداری کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکانیش دەڵێت: "لە کاتی ئاوارەبوونی هەڵەبجەییەکان بۆ هەولێر، هاووڵاتییانی ئەو شارە خۆشەویستە هاوکاریی گەورەیان پێشکەشی هەڵەبجەییە ئاوارەکان کردووە، ئێمەش دەمانەوێت بچووکترین وەفامان بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی زیانلێکەوتووی هەولێر دەرببڕین".
فارس زیاتر دەڵێت: "هەڵەبجەییەکان ڕۆژانی هاوکاریی هەولێرییەکانیان لەبەرچاوە، ئێستا ئێمەی هەڵەبجەییش هەستی ئازارمان لە دڵدایە و هەموو توانانی خۆمان دەخەینە گەڕ تاکوو هاوکاری برا و خوشکانمان بین و دڵنیاین هەڵەبجەییەکان بە دەستێکی پڕەوە دەبەخشن، دروود بۆ گیانی شەهیدەکان و هیوای قەرەبووش بۆ ئەو هاووڵاتییانەی زیانیان بەر کەوتووە".
عەزیز ڕەسووڵ




