"دوو پڕۆژەی ستراتیژیی کارەبا لە سۆران دەکرێنەوە

سۆران -KDP.info- دوو پڕۆژەی ستراتیژیی کارەبا لە سنووری قەزای سۆران جێبەجێ دەکرێن و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت، کێشەی کارەبا تا ڕادەیەک لە سنووری ئیدارەی سۆران چارەسەر دەکرێت.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەردی بناغەی دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی کارەبا لە سۆران دابنرێت و وێستگەکە توانای بەرھەمھێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبای ڕۆژانەی ھەیە و دەخرێتە سەر تۆڕی گشتی.''
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەشڵێت: "ھەر لەم حەفتەیەدا پڕۆژەی ١٣٢ کەی ڤی سۆران تەواو دەبێت و دەست بە کارکردن دەکات، ئەمەیش یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کارەبا لە ئیدارەی سۆران.''
ھەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بە ئەو دوو پڕۆژەیەی کارەبا، کێشەی کەمیی کارەبا و کێشەی بارزۆری لەسەر تۆڕەکانی کارەبای سۆران چارەسەر دەبێت، چونکە ئێستا بەھۆی بارزۆرییەوە ھێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە توانایدا نییە کارەبای تەواو بۆ سۆران بگوازێتەوە، بەو پڕۆژانە کێشەکە چارەسەر دەبێت.''
قائید میرۆ




