كاڤین گرووپ، سەرجەم كارەكانیان لە شاری دهۆك ڕاگرت

هەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری پڕۆژەكان لە كۆمپانیای كاڤین گرووپ دەڵێت، سەرجەم كارەكانیان لە شاری دهۆك ڕاگرت و، بە 200 ئامێر و سەرجەم ستافەكەیان، هاوكاریی لێقەوماوانی لافاوی هەولێر دەكەن. دەشڵێ، 12 تیمیان بۆ خاوێنكردنەوە و كردنەوەی رێڕەوی ئاو پێكهێناوە.
ئەندازیار كانیوار جوبرائیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەو كارەساتە سرووشتییەی كە لە شاری هەولێر رووی دا و بوو بە لافاو، وەكو كۆمپانیای كاڤین گرووپ ئێمەش بریارمان دا سەرجەم كارەكانمان لە شاری دهۆك ڕابگرین و هەموو ئامێر و كەلوپەل و ستافەكەمان بخەینە خزمەت پارێزگاری هەولێر".
ئەو سەرپەرشتیارەی پڕۆژەكان لە كۆمپانیای كاڤین گرووپ راشیگەیاند: "هەماهەنگیمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر كرد و، نزیكەی 200 ئامێری كاركردنی وەك شۆفڵ و حەفارە و قەلاب و كەلوپەلی ترمان گواستەوە بۆ شاری هەولێر و، 12 تیمیشمان پێكهێناوە لە ئەندازیار و سەرپەرشتیار و كەسانی شارەزا و چاودێر بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە لافاو تێیدا رووی داوە و سەرقاڵی هەڵمەتێكی پاككردنەوەی شوێنەكان و كردنەوەی رێڕەوی ئاوین".
سەبارەت بە ماوەی مانەوەیان لە شاری هەولێر وەكو كۆمپانیای كاڤین گرووپ، كانیوار گوتی: "تاوەكو پێویست بكات ئێمە لە هەولێر دەمێنینەوە، بۆ خزمەت هاتووین، چونكە وەكو كۆمپانیا هەموو هێزی خۆمان خستووەتە گەڕ وەكو ئەركێكی مرۆڤایەتی و پاڵپشتیكردنی پارێزگای هەولێر."
شەوی هەینی 17-12-2021، لە چەند شوێنێكی شاری هەولێر بە هۆی كارەساتێكی سرووشتی و بارینی بارانێكی زۆر، لافاو دروست بوو، كە زیانی گیانی و ماددیی بەدوای خۆیدا هێنا.
نەشوان بەرزنجی




