٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ جەردەکە تەواو بێت دەست بە قەرەبوو کردنەوە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەزگای روانگە دەڵێت، بە ھاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پارێزگای ھەولێر، دەستیان بە ھاوکاریکردنی ئەو ناوچانە کردووە، کە بە ھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و، سەرەتاش شوێنەکانیان پاک دەکرێتەوە و دواتریش بەپێی زیانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.

ئاری ڕەسووڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەوەی ملیارێک دینار وەکو ھاوکاری بۆ ئەوانەی بە ھۆی لافاو زیانیان بەرکەوتووە خەرج بکرێت، لە ئەمڕۆ بەیانییەوە دەزگای روانگە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پارێزگای ھەولێر دەستمان کردووە بە دابەشکردنی ھاوکارییەکان و، لە یەکەم ھەنگاویشدا خواردنی بەیانیمان بۆیان ئامادە کردووە، چونکە زۆرینەی ماڵەکان کەلوپەلیان نەماوە و ھەر سێ ژەم خواردنیان بۆ دابین دەکەین، کارەکەش بە ھاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکرێت، لە ھەمان کاتیشدا دەست بە پاککردنەوەی شوێنەکانیان دەکەین و بۆیان خاوێن دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی دواتر قەرەبوو بکرێنەوە و ناو ماڵیان بۆ دابین بکرێت".

گوتەبێژی دەزگای روانگە گوتیشی: "ھەر خێزانێک بەپێی زیانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە و ئامارەکەش پارێزگا ئامادەی دەکات، بۆیە ئەوەی تا ئێستا جەرد کراوە زیاتر لە ٨٠٠ خێزان زیانیان بەرکەوتووە، لە گەڕەکەکانی گردجووتیار ١٥٠خێزان و رۆشنبیری ئەوەی تائێستا جەرد کراوە ٧٨خێزانە و ھەندێکی ماوە و قوشتەپەش ١٦٠خێزانە و سەرکارێز ١٨٠خێزانە و ھیران ستی ٦٢خێزان و دارەتوو ١٦٠خێزانە و ھەندێکی دیکەش ماون، کە بڕیارە ئەمڕۆ جەردەکە تەواو بێت و دواتریش دەست بە قەرەبوو کردنەوە دەکەین".

ڕەسووڵ باسی لەوەش کرد: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دوێنێوە دەستیان بە ھاوکاری کردووە بۆ ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە و پارێزگا و شارەوانیش بە هەمان شێوە، بۆیە ئەمڕۆش پێکەوە ھاوکارییەکان دەکەین و شوێنی دیکەش ھاوکارییان کردووە و بەردەوامیشە".

لای خۆشیەوە، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەڵمەتێکی فراوانمان دەست پێکردووە بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە و ئێستا لە گردجووتیار و رۆشنبیری و مامزاوا و لە ھەموو شوێنەکان تیمەکانمان لە کاردان، بۆیە کاری ئێمە پاککردنەوەیە و ئەوانەی دیکەش زیانەکان دەنووسن و ئێمەش بە سەدان ئالیەتمان بردوون بۆ ناوچەکە، هەروەها ٨٠ تەنکەریشمان بردووە و ماڵەکان ھەمووی خاوێن دەکرێنەوە".

عەبدولواحید ڕوونیشی کردەوە، بە دەیان شۆفڵ و حەفارە و قەلاب کەندەکان خاوێن دەکەنەوە و فراوانیان دەکەن، بۆ ئەوەی لافاو دووبارە نەبێتەوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە بارانێکی زۆر باریوە، کە ٨٠ ملم لە ماوەی یەک سەعاتدا باریوە، کە ئەوەش رێژەیەکی یەکجار زۆرە لە ماوەیەکی کەمدا.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار