٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی تەرمی ئەو ئافرەتە کۆچبەرە دەگەڕێنێتەوە کوردستان کە لە پۆڵۆنیا کۆچی دوایی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئافرەتێکی کۆچبەری کورد کە دایکی پێنج منداڵە لە نەخۆشخانەیەکی کۆماری پۆلۆنیا گیانی لەدەست دا و هەوڵی هێنانەوەی تەرمەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەدرێت.

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پێشوازی کرا لە باوک و مامی ئەو ئافرەتە گەنج و کۆچبەرەی کورد کە خەڵکی زاخۆیە لە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان بە ناوی ئەڤین عیرفان زاهیر، کە تەمەنی ٣٨ ساڵ بوو و بەهۆی سەرما و سەختیی ڕێگا و مانەوە لەنێو دارستانەکانی سەر سنووری بیلاڕووس و پۆلۆنیا نەخۆش کەوتبوو و لە هۆشی خۆی چووبوو، هەروەها دووگیان بووە و منداڵەکەشی لەنێو منداڵدانیدا مردبوو و پلەی گەرمای لەشی یەکجار دابەزیبوو و لە ١٤/١١ تاکوو ٣/١٢/٢٠٢١ لە نەخۆشخانەیەکی کۆماری پۆلۆنیا لەژێر چاودێرییەکی چڕی پزیشکیدا بووە، بەهۆی دۆخی مەترسیدارییەوە، پزیشکانی پۆلۆنی هەموو هەوڵێکیان دابوو لەم نەخۆشخانەیەدا بۆ ئەوەی ژیانی ڕزگار بکەن، بەڵام بەداخەوە دوای هەوڵێکی زۆری پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی پۆلۆنیا بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەم ئافرەتە گەنجە کۆچبەرە کوردەی خەڵکی باشووری کوردستان، ڕۆژی ٣/١٢/٢٠٢١ لە نەخۆشخانەی شاری هاینۆڤیچ لە کۆماری پۆلۆنیا ژیانی لەدەست دا.

ئەڤین دایکی پێنج منداڵ بووە و ئێستا منداڵەکانی لەگەڵ باوکیان لە ناوەندێکی داخراوی تایبەت بە کۆچبەران لە پۆلۆنیا ژیان دەبەنەسەر.

شایانی باسە بەهۆی دۆخی سەختی کۆچبەرانەوە لەنێو دارستانەکانی سەرسنووری بیلاڕووس لەگەل پۆلۆنیا و لیتوانیا و ئەو ڕیگە سەختانەی کە مەترسییان بۆ سەر تەندروستیی کۆچبەران دروست کردووە تاکوو ئێستا چەندین کۆچبەری کورد و نەتەوەکانی تریش گیانیان لەدەست داوە، باوکی خوالێخۆشبوو ڕەزامەندیی داوە بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بۆ وەرگرتنەوەی جەنازەی کچەکەیان و داوایان لێ کردوون کە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کچەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان.

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە ئامادەبوونی هەڤاڵ سولحی مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی هەوڵێری (پ.د.ک)، وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی پارتی بۆ کۆچی دواییی خاتوو ئەڤین عیرفان، دڵنیاییی بە باوکی و ماڵباتی بەڕێزیان دا کە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە ڕێگەی پەیوەندییە تایبەتییەکانی خۆیەوە هەموو هەوڵێک دەدات و ئاسانکاری پێویست دەکات و هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا تەرمی ئەم دایکە کوردە بگەڕێننەوە بۆ کوردستان و لە زێدی خۆی بنێژرێت.                               .

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆلۆنیا و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی ئەو وڵاتە و دەزگای خیرخوازیی بارزانی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چالاکوانانی مەدەنیی پۆلۆنی و کورد لە پۆلۆنیا ئاسانکاری پێویست دەکات بۆ هاوکاریکردنی ماڵبات و کەسوکاری خوالێخۆشبوو ئەڤین عیرفان بۆ هێنانەوی جەنازەکەی بۆ هەرێمی کوردستان.

دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی و مرۆییی کۆچبەرانی کورد و نەتەوەکانی تر لە بیلاڕووس کە بوو بە بابەتی سیاسی و مرۆیی و میدیایی لە ئەورووپا و لە پۆلۆنیا و لیتوانیا و وڵاتانی تری ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بەتایبەتی، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەری کورد لە ئافرەت و منداڵ و گەنج کە لەنێو دارستانەکانی سەر سنووری نێوان بیلاڕووس و پۆلۆنیا و لیتوانیا گیریان خواردبوو و بێ ئاو و خۆراک و دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی و لەنێو کەشێکی ساردی ئەم ناوچەیەی ئەورووپادا بەبێ خزمەتگوزاری لەلایەن سەربازان و پاسەوانانی سەرسنووری هەردوو وڵاتەوە لەژێر گوشاردا بوون و ژیانیان کەوتبووە مەترسیی جددییەوە بە ئارەزووی خۆیان گەڕێندرانەوە هەریمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار