ڕاپۆرتێکی گرنگ لەسەر تاقانەکانی هەڵەبجە دەخرێتە بەردەم سەرۆکی ئەمەریکا

هەڵەبجە - KDP.info - لەسەر ئاستی کوردستان 62 تاقانە بەهۆی جینۆسایدانەوە هەیە کە لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی سەددام حوسێنەوە بەسەر خەڵکی کوردستان هاتووە و ڕاپۆرتێکی تەواو لەسەر تاقانەکانی هەڵەبجە دەخرێته بەردەم جۆ بایدن.
سەید سەلاحەدین باخچەیی، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی ئەمەریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سێیەم جارمانە دێینە هەڵەبجە و هاتووین کەیسی منداڵە تاقانەکانی هەڵەبجە بجووڵێنین و لە ڕێگەی پارێزەرەکانمانەوە لە عێراق و ئەمەریکا کاری لەسەر دەکەین و دەیخەینە بەردەم ئیدارەی ئەمەریکا".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ تاقانەکانی هەڵەبجە، گفتوگۆمان لەگەڵ کردن بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر ژیانیان و داواکارییەکانیان بەرز دەکرێتەوە بۆ واشنتۆن".
گوتیشی: ''بە وێنە و ڤیدیۆ و نووسراو، داواکاری و گرفتەکانی تاقانەکان دەکرێتە ڕاپۆرتێکی تەواو و ورد و دەنێردرێت بۆ سەرۆکی ڕێکخراو، لەوێش لەڕێگەی پارێزەرەکانمانەوە کاری لەسەر دەکرێت و دەگەیەندرێته نووسینگەی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن".
''دەمانەوێت پڕۆژەیەک جێبەجێ بکەین بەوەی حساب بانکێک بکەینەوە تایبەت بە تاقانەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمپانیا گەورەکان بەشداریی تێدا بکەن و هاوکاریی ماددی بکرێن.'' سەید سەلاحەدین باخچەلی وای گوت.
زیاتر گوتی: ''گرنگە کار لەسەر کەیسی تاقانەکان لە ئەمەریکا و لە ناوەندی بڕیاری ئەو وڵاتە بکەین و باس لە قەتڵوعامی خەڵکی کوردستان بکرێت، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ گەلەکەمان و وەک کارتێکی فشار بۆ دەوڵەتی کوردی و پاراستنی کیانەکەمان بە کاری بهێنین".
عەزیز ڕەسووڵ




