"حکوومەتی ھەرێم ئامادەکاری بۆ پڕۆژەکانی ساڵی نوێ دەکات"

هەولێر -KDP.info- لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکاری بۆ پڕۆژەکانی ساڵی ئایندە دەکرێت و بریکاری وەزارەتی پلاندانانیش دەڵێت، پڕۆژەکان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پەسەند دەکرێن.
پارێزگای ھەولێر لە کۆبوونەیەکدا پلانی پڕۆژەکانی ساڵی داھاتووی پەسەند کرد کە پێک ھاتووە لە ١٢٢ پڕۆژە و بەگوژمەی ٦٠ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەکانیش بەسەر ھەموو یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێردا دابەش کراون و ئەمساڵیش ١٢٨ پڕۆژە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو وەزارەتەکان پڕۆژەکانیان ئامادە دەکەن و پێشکەشی وەزارەتی پلاندانان دەکرێن بۆ ئەوەی بخرێنە نێو پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ساڵی نوێ.''
بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕوونی کردەوە: "دوای ئەوەی پڕۆژەکان ئامادە دەکرێن بۆ ساڵی داھاتوو ڕادەستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن تا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەندیان بکات.''
قائید میرۆ




