٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"با چاوەڕێبین ئەمەریکا دەکشێتەوە یان بەرگی سەربازی دەگۆڕێت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ئەمەریکا بەپێی ئەو خشتە کاتییەی دایاننابوو، گوتبوویان لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١ پابەند دەبن بە کشانەوەی ھێزەکانیان لە عێراق، دکتۆرایەکی زانستە سیاسییەکانیش دەڵێ، کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا ئەوەیە لە ڕووی سەربازییەوە ئەرکەکانیان ڕادەگرن و ئەو ژمارە سەربازەی لە عێراق ھەیانە بەرگەکانیان دەگۆڕن و دەیانکەن بە ڕاوێژکار، کشانەوەی یەکجاریشیان کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لە عێراق و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و، لە سەرەتای ساڵی نوێش بەتەواوی دەردەکەوێت چی دەکەن.

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە ھەرێمییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کشانەوەی ھێزە ئەمەریکییەکان بەپێی ئەو خشتە کاتییەی دانرابوو لە کۆتاییی ئەمساڵ پابەند بن بەوەی ھێزەکانیان بگۆڕن، ئەو ٢٥٠٠ سەربازەی کە شەڕڤان بوون، دەبنە ڕاوێژکار، دەنا ھەر دەمێننەوە وەک سەرباز، ئەویش ئایا ئەگەر ئەرکیان گۆڕا کاریگەریی سیاسییان دەبێت.''

گۆڕینی ئەرکی ھێزەکانی ئەمەریکا دەبێت بزانرێت لەژێر گوشار بووە، بەشێک لە شیعەکان گوشاریان کرد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس لە مانگی ١ی ٢٠٢٠، گوشاریان دروست کرد و بۆچوونەکەش بۆچوونی زۆربەی شیعەکان بوو، دەنا نە سوننە، نە کورد و نە کەمینەکانیش لەگەڵ ئەم بۆچوونە نەبوون، چونکە سیاسەتی ئێستای سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن ئەوەیە کە نایەوێت ھێزیان لەم وڵاتانەدا زۆر بێت و شوێنی تر ھەیە کە گرنگیی پێ بدەن.

ئەم مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان گوتیشی: ''دەتوانین بڵێین کاریگەریی ئەمەریکا زۆربەی لە ڕووی سەربازییەوە دیارە، ئەگەر وەکوو سەرباز لێرە نەمینێن، بێگومان کاریگەرییان دەبێت، چونکە ھێشتا نازانین، تەنیا گوتوویانە ئەرکی سەربازەکانمان دەگۆڕێت، ھەندێک جار ھەر بەرگەکانیان دەگۆڕن.''

ئەوەشی گوت: ''ئەمەریکا بنکەی سەربازیی لە قەتەر، کوێت، ئوردن و سعوودیەش ھەیە، ھەرکات بیەوێت دەستی بە عێراق دەگات، لەم ڕووەوە ئەمە یەکلاکەرەوەیە، بەڵام ئەگەر ھەماھەنگیی سەربازییان نەمێنێت و ھاوکار نەبن لە شەڕی دژ بە داعش، بێگومان کاریگەرییان دەبێت و کە نەمێنن ئەگەری ئەوەیە کە زۆر پەستانیان لێ بکرێت و بەتەواوی بکشێنەوە، ئەمەش یەکێکە لە سیناریۆکان، بەتایبەتی ئەم گفتوگۆ ئەتۆمیانەی ئێستا لە بەینی ئێران و ئەمەریکا ھەیە، نەگاتە بنبەست، ئەمەی لە ڤییەنا بەڕێوە دەچێت، بۆی ھەیە دووبارە زیاتر پەستان لە ئەمەریکییەکان بکەن کە ھەتا وەک ڕاوێژکاریش لێیان نەگەڕێن بمێننەوە و دەبێت ئەمە ڕەچاو بکەین کە ئەوکات ھەمان کاریگەرییان دەبێت، ئەگەر بەتەواوی بکشێنەوە، یان وەک ڕاوێژکار بن، کاریگەرییەکانیان زۆرە، ئەو کاتە ئەو ھێزانەی نزیکن لە ئێران، بەتایبەت میلیشیا شیعەکان، دەسەڵاتیان زۆرتر دەبێت، ڕاستە ئەمانە ئەم جارە لە ھەڵبژاردن دەنگیان نەھێنا، بەڵام وەکوو ھێز لە مەیدانی سیاسییش بەھێزن، ئەگەر ھات و ئێران گوشاری لە عێراق کرد و ئەمەریکا دەستێوەردان نەکات لە ڕووی سەربازییەوە و، تەنیا بە ئەرکی ڕاوێژکاری بوو، ئێمە دەبێت پێشبینی بکەین  وڵاتانی تریش دەستەوەستان ناوەستن، واتا تا ئێستا وڵاتانی کەنداو، ئیمارات، سعوودیە، ھەتا تورکیاش، بە جۆرێک دەستێوەردانیان لە پڕۆسەی سیاسی نەدەکرد لە عێراق، ئیسرائیلیش لەبەر ئەوەی ئەمەریکییەکان لێرە بوون ھەستیان دەکرد بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بووە، بەڵام سبەی ڕۆژێ ئەمەریکییەکان نەمێنن، یان ڕۆڵێکی پەراوێزیان ھەبێت، بێگومان ئەوانیش دەستێوەردان دەکەن، ئەمە وا دەکات ئێمە لەبەردەم شەپۆڵێکی تری دەستێوەردانی ھەرێمی بین، جا ئیسرائیلییەکانن، وڵاتانی کەنداون، تورکیاش دەستەوەستان ناوەستێت کە ببینێت وڵاتانی تر بەشی خۆیان ھاتوونەتە پێش، ئێستا تورکیا نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستانە.''

د. زوبێر ڕەسووڵ گوتی: ''ئەمانە گشتی پێشبینی دەکرێن، بەتایبەت بۆ ھەرێمی کوردستانیش کاریگەریی دەبێت، ئەو کاتە بەتایبەت شیعەکان زیاتر چاو سوور دەکەنەوە لە ھەرێمی کوردستان، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کاریگەریی دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان و سوننەکان و بەشێک لە شیعەکان کە مەیلی ئێرانیان نییە، ھەتا کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت لە ڕووی حوکمڕانییەوە، چونکە ئەمەریکییەکان پاڵپشتیی حکوومەتی عێراقیان دەکرد و لە کاتی ھەر کێشەیەک پەستانیان دەخستە سەر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمەش بۆ داھاتوو زیاتر لە کاتی حکوومەتی داھاتوو کە پێک دێت، ئایا ئەم سەرۆکوەزیرانەی ئایندەی عێراق کەسێکی نزیک لە ئەمەریکا دەبێت، یان بێلایەنە، یان  شیعەیەکی نزیک لە ئێرانە، ئەگەر نزیک لە ئێران بێت، بەڕاستی دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کە دەستێوەردانیان زیاتر دەبێت، دووبارە ململانێ دەبێت لە نێوان ئەو ھێزانە و لە نێوان لایەنەکانی حکوومەتیش، بۆ نموونە ئەو ململانێیەیانەی ئێستا ھەیە، لە نێوان مستەفا کازمی  و میلیشیاکان.''

د. زبێر دەشڵێت: "بە باوەڕی من، تا ڕادەیەک کێشە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دروست دەبێت، چونکە لە ڕابردوو ئەمەریکییەکان دەستتێوەردانی ھەبووە بۆ ڕێککەوتن و گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا، تا ڕادەیەکیش کوردەکان لە عێراق ھاوشێوەی شیعەکان و سوننەکان پاڵپشتێکی وایان نییە، ئەمەریکا پاڵپشتییەک بووە بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ھەرێمی و نێودەوڵەتییشەوە، جیا لە گشت لایەنەکانی تر پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ کورد ھەبووە، چونکە ھەرێمی کوردستان خۆی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ خۆی دروست کرد و لێرەدا ڕۆڵی ئەمەریکییەکان لە ڕووی سەربازییەوە زۆر گرنگە.''

گوتیشی: ''ئەم کشانەوەیەی ھێزە ئەمەریکییەکانیش دوای سەری ساڵ دیار دەبێت کە ئایا ھەر بەردەوام دەبن، یان بەرگی سەربازی دەگۆڕن بۆ ڕاوێژکاری، یان بەتەواوی دوور دەکەونەوە لە پڕۆسەی سیاسی و سەربازی و شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، با چاوەڕێی دوای سەری ساڵ بکەین و جا دەردەکەوێت، چی دەبێت.''

لە ٢٦ی ٧ی ٢٠٢١ بەغدا و واشنتۆن لە میانەی گەڕی چوارەم و کۆتاییی گفتوگۆی ستراتیژیدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن و جۆ بایدن ڕایگەیاند کە ھێزەکانیان تا کۆتاییی ئەمساڵ لە عێراق دەکشێننەوە و تەنیا ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەمێننەوە.

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار