٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئۆپەڕاسیۆنەکانی پێشمەرگە کاریگەریی لەسەر جووڵەی داعش ھەبووە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوای ھێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، پێشمەرگە سەنگەرەکانی بەڕووی چەکدارانی داعشدا توند کردووە و هێزی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق ڕێک کەوتوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش لەم قۆناغەدا.

پەیوەست بەم بابەتە، وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لەسەر ئۆپەڕاسیۆن و کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەی چەکدارانی تیرۆریستی داعش تێیاندا جووڵە دەکەن، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ژمارەیەک ناوچە کێوماڵ کرا و دەست بەسەر چەک و تەقەمەنیی داعشدا گیرا و ژمارەیەک تۆنێلی تیرۆریستانیش لەنێو بران''.

سەرچاوەیەکیش لە ھێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای زیادبوونی مەترسیی داعش ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان ڕێک کەوتن لەسەر کاری ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بۆ ئەم مەبەستەش حەفتەی ڕابردوو پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە مەخموور کۆ بوونەوە، ئۆپەڕاسیۆن و ئامادەکاریی پێشمەرگە کاریگەریی لەسەر جووڵەی تیرۆریستانی داعش ھەبووە.''

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و سەنگەرەکان تۆند کراون بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستی و ئەو شوێنانەی پێویستن، پێشمەرگەیان تێدا جێگیر کراوە، بەتایبەتی لە سنووری مەخموور.''

ناسر ھەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش لە خۆڵی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوو ھۆکار ھەن بۆ زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش، یەکەم بۆشاییی ئەمنی ھەیە لە چەندین ناوچە و داعش سوودی لەو سنوورانە بینیوە، ھۆکاری دووەمی بۆ واڵابوونی سنووری سووریا و عێراق دەگەڕێتەوە، داعش لە سووریاوە چەکدارانی گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی عێراق.''

لەبارەی قەبارەی داعش لەنێو خاکی عێراق، ناسر ھەرکی دەڵێت: "داعش ڕێکخراوێکی تیرۆیستییە و ھەر لە سەرەتاوە قەبارەی چەکدار و ڕێکخستنەکانی نەزانراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانمان داعش ڕێکخستنەکانی لەنێو عێراقدا زیاد کردووە و ئێستا زیاتر جووڵەی پەیدا کردووە، بەڵام ھیچ کات ئەو مەترسییەی نییە جارێکی دیکە دەست بەسەر ناوچەیەکدا بگرێت.''

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار