٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵگورد نەجیب: خەریکی پلانی ساڵی داھاتووین بۆ ئیدارەی سۆران

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئێستا ئامادەکاری بۆ پلانی ساڵی داھاتووی سنووری ئیدارەکە دەکرێت و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت، تەنیا ئەمساڵ بە گوژمەی نۆ ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان پڕۆژە لە سۆران جێبەجێ کراوە.

هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ بەھۆی ئەوەی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ لە کۆتاییی ساڵ دەرچوو، بە گوژمەی تەرخانکراو لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان نۆ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە هەرچوار قەزای سۆران و ڕواندز و چۆمان و مێرگەسۆر تەرخان کرا.''

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "پلانی ساڵی داھاتوو لە ڕێگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و بڕیارە بە گوژمەی ١١ ملیار دینار پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێ بکرێت.''

هەڵگورد نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ سوودی زۆری بۆ سنوورەکە دەبێت، چونکە ھەر ئەمساڵ لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ، زۆربەی باڵەخانەکانی حکوومەت نۆژەن کراونەتەوە و، حکوومەت لە ڕێگەی ئیدارەی سەربەخۆوە گرینگیی زیاتر بە سنووری سۆران دەدات.''

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار