٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر ئاراس: پارتی و یەکێتی بە یەک پڕۆژە دەچنە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیەکی ھەیە بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا، چونکە بەو شێوەیە بەھێزتر دەبێت، بۆیە بڕیارە پارتی و یەکێتی بە یەک پڕۆژە بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق و ئەو شاندەی پارتی ئێستا لە بەغدایە بۆ ڕاوێژکردن سەردانی کردووە.

دکتۆر ئاراس حسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بێگومان بەرنامە و پڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش ئەوە بووە کە کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا، چونکە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەھۆی نەبوونی یەکدەنگییەوە زۆر کێشەمان بۆ دروست بووە و کۆمەڵێک پەرلەمانتار نەک ھاوکار نەبوون، بگرە دژی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی وەستان، بۆیە ئەم جارە دەمانەوێت لە قۆناغی یەکەمدا لەگەڵ یەکێتی و دواتریش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە یەکڕیزی دروست بکەین، بێگومان دەتوانین بەو شێوەیە بەھێزتر لەگەڵ لایەنەکانی عێراق گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکەین.''

دکتۆر ئاراس حسۆ میرخان گوتیشی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان ھەندێک ھەنگاوی ناوە، دانیشتنی لەگەڵ لایەنەکان کردووە و بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەرۆک بارزانیی کرد و ئێستا بڕیار وایە کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت و بەردەوام بێت تا بگەنە ڕێککەوتن.''

گوتیشی: ''چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا بۆ ڕاوێژکردنە و جارێ ئەنجامەکان ڕانەگەیەندراوە و تەنھا بۆ ئەوەیە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنی شیعە و سوننە بکات، بەڵام پارتی و یەکێتی بە یەک پڕۆژەی ھاوبەش دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق.''

میرخان ڕوونیشی کردەوە: ''تا ئێستا لایەنەکان وەڵامی باشیان بۆ داواکاریی پارتی ھەبووە بۆ ئەوەی کورد یەکڕیز بێت و ئەنجامەکانیش باش بوون، چونکە لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوەمان کردووە، ڕای ئەوانیش بۆ پڕۆژەکەی ئێمە باش بوو.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار