وەزارەتی بازرگانی: له کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی ھەرێم تاوتوێ دهکرێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ژمارەیەک پێشنیازی داوەتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و راوێژکارێکی وەزارەتەکەش دەڵێ، ھەزار کارگە لە کار راگیراون و ھیچ بەرھەمێکیان نییە.
فەتحی محەمەد، راوێژکار لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، مانگی رابردوو کۆنفڕانسێکی پیشەسازی لە وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی بەڕێوە چوو و تێیدا ژمارەیەک راسپاردە ئامادە کراون و بەرز کراونەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنی پەیوەندیدار، لەو راسپاردانەدا ژمارەیەک پێشنیاز کراون، بۆ ئەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان دەست بە کارکردن بکەنەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان تاوتوێی ئەو راسپاردانە بکرێت، تا سەرۆکوەزیر و وەزیرەکان پێداچوونەوەی وردی ئەو بابەتە بکەن.
راوێژکارەکەی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە، ئەو بەرھەمانەی لە کارگەکانی ناوخۆ بەرھەم دەھێندرێن، بەرھەمی بیانی قەدەغە بکرێت، یاخود باجی زیاتری بخرێتە سەر، یانیش لە رێگەی کەمکردنەوەی باجەوە ھاوکارییان بکرێت.
محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئامارێکی دروست نییە لەبارەی ئەو کارگانەی راگیراون و کار ناکەن لە ئێستادا، چونکە ھەندێ کارگە راگرتنی خۆیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیاریی ئێمە، نزیکەی ھەزار کارگە لە ھەرێمی کوردستان وەستاون لە کارکردن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو گرفتەکانیان پەیوەست نییە بە قەیرانی پێشووی دارایی، بەڵکو بە ھۆی بەرزیی نرخی دۆلار و ھەندێ کارگەش بە ھۆی زۆریی خەرجییەوە راگیراون".
قائید میرۆ




