٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌رله‌مان بۆ KDP: کۆمسیۆن شەرعیەتی نەماوە.. چاوەڕێی لایەنە سیاسییەکانین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەکو پەرلەمان ھەموو رێکارێکیان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و دروستکردنی کۆمسیۆنێکی نوێ گرتووەتە بەر و رای فراکسیۆنەکانیشیان وەرگرتووە، تەنھا ماوە لایەنەکان بۆچوونی خۆیان پێشکەش بکەن، چونکە ئەوە پێویستی بە سازانی سیاسی ھەیە، بۆیە پێویستە ھاوشێوەی پارتی، لایەنەکانی دیکەش بە فەرمی رای خۆیان لەبارەی کۆمسیۆن و ھەڵبژاردنەوە بخەنەڕوو.

مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەموو رێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و دروستکردنی کۆمسیۆنێکی نوێ، رای فراکسیۆنەکانیشمان وەرگرتووە و ئێستا چاوەڕێی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانین، بۆ ئەوەی ئەوانیش رای خۆیان پێشکەش بکەن لەسەر چۆنیەتی دانانی ئالیەتی ھەڵبژاردنەکان، چونکە ھەموو فراکسیۆنەکان تەئکید لەسەر ھەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا دەکەنەوە، بەڵام پێویستە لایەنە سیاسییەکان رای خۆیان پێشکەش بکەن".

قەھوەچی گوتیشی: "لە ھەموو کۆبوونەوەکاندا فراکسیۆنی پارتی جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکاتەوە، سەبارەت بە کۆمسیۆنیش ماوەکەیان لە ڕووی یاساییەوە بەسەر چووە و کۆمسیۆنی ئێستا شەرعیەتی نەماوە، چونکە کۆمسیۆنەکە لە ھەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەماندا دروست کراوە و ئێستا بۆشایی یاسایی ھەیە، کە بەشێکی پۆستی دیکەیان وەرگرتووە و بەشێکیان کۆچی دواییان کردووە، بۆیە ئێستا ناچارین یاساکە ھەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆنێکی نوێ دروست بکرێت، ئەمەش بەپێی تەوافوقی نێوان لایەنەکان دەبێت و بۆ پێکھاتەکانیش لە ماددەی ٨ی یاساکەدا ھاتووە، کە مافی خۆمانە زەمانەتی پێکھاتەکان لە ئەنجومەنی کۆمسیاران بکرێت".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "پێویستمان بە رای لایەنەکان ھەیە بۆ چۆنیەتی دانانی ئالیەتێک بۆ دانانی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و فشارمان کردووە لە رێگەی فراکسیۆنەکان، بۆ ئەوەی لایەنەکان بۆچوونی خۆیان پێشکەش بکەن و ھەر کاتێک پێشکەشیان کرد، کۆمسیۆن رێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر".

دەشڵێ: "ھەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان کرد و چاوەڕێی سازانی سیاسی دەکەین، چونکە پێویستە ئەوان رایان ھەبێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە کۆکەرەوەی لایەنەکان و پەرتەوازەیی دروست نەبێت، بۆیە گرنگە کۆمسیۆنی نوێ پێک بھێندرێت، بەڵام ئێمە کاری خۆمان کردووە و پێویستە فراکسیۆنەکان ھاوشێوەی پارتی، فشار لە لایەنەکانی خۆیان بکەن، کە چۆن پارتی بە فەرمی وەڵامی ھەیە بۆ چۆنیەتی بەشداریکردنی ھەڵبژاردن و دروستکردنی کۆمسیۆنی نوێ، کە ٦/١١ی ساڵی داھاتوو وادەکە تەواو دەبێت و پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە پێویستە لایەنەکانی دیکەش کۆببنەوە و تەوافق ھەبێت، چونکە ناکرێت بە زۆرینە تێپەڕ بێت و ئەمە پرسێکی نیشتیمانییە و پەیوەندی بە ھەمووانەوە ھەیە، بۆیە ناچارین ڕا و بۆچوونی لایەنەکان وەربگرین و تەوافقی لەسەر بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار