٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە ھەولێر پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەستی پێ کرد"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی پارێزگاری ھەولێر بڵاوی کردەوە کە لە ھەموو شار و شارۆچەکەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر لیژنە بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێک ھاتووە و پڕۆسەکە دەستی پێ کردووە، سەرۆکی لیژنەی شارەوانییش لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، ئەنجومەن چاودێریی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکات.

ئەندازیار سلێمان بارزانی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای بەخاوەنکردن و تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ یەکێکە لەو یاسایانەی خەڵکێکی زۆری تێدا سوودمەند دەبێت و تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە کێشەی خانووی زێدەڕۆ دێت، چونکە چەندین ساڵە ژمارەیەکی زۆری خانووی زێدەڕۆ ھەن و پێویستیان بە چارەسەر ھەیە.''

ئەندازیار سلێمان بارزانی ڕوونی کردەوە: "کاری ئەنجومەنی پارێزگا چاودێرییە و لەگەل دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، ئێمە چاودێریی پڕۆسەکە دەکەین، تا وەک خۆی و بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت و بەگوێرەی یاسا ھاووڵاتییان سوودمەند بن.''

بەپێی یاسای ژمارە ٧ی ھەموارکراو ھەموو ئەو خانووە زێدەڕۆیانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکانەوە تاپۆ دەکرێن، کە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار خانوو دەبن و لە سەرەتادا خاوەن خانوو داواکاری پێشکەش بە شارەوانی و یەکەی کارگێڕیی سنوورەکەی دەکەن و دواتر پڕۆسەی تاپۆکردن بەڕێوە دەچێت.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار