فەرماندەییی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک بەفەرمی کەوتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

ھەولێر -KDP.info- جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، فەرماندەییی ھێزەکانی پشتیوانیی یەکی ھێزی پێشمەرگە بەفەرمی کەوتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ھەموو کاروبارەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایی دەکرێت و تەنانەت لۆگۆکەشیان گۆڕدراوە و ناوی وەزارەتی پێشمەرگەی خراوەتە سەر.
جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "فەرماندەییی ھیزەکانی پشتیوانیی یەکی ھێزی پێشمەرگە کە سەر بە یەکەی ھەشتا بوو بەفەرمی کەوتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێستا ھەموو کاروبارەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایی دەکرێت و تەنانەت مووچەکانیشیان لە وەزارەت وەردەگرن.''
لیوا قارەمان کەمال گوتیشی: ''تەنانەت لۆگۆکەشیان وەکو فەرماندەییی ھێزی پشتیوانیی یەک گۆڕدراوە و ناوی وەزارەتی پێشمەرگەی لەسەرە و خراوەتە سەری، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی گرنگە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا وەزارەتی پێشمەرگە ناویەتی.''
گوتیشی: ''جگە لەوە ئێستا ھیزی پشتیوانیی دووش فەرمانەکەی لە ئەنجومەنی وەزیرانە و ھەرکاتێک فەرمانەکەی گەڕایەوە، ئەوانیش دەکەونە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە ئەوە پرۆسەیەکی بەردەوامی یەکخستن و ڕێکخستنی ھێزی پێشمەرگە دەبێت.''
فەرماندەییی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک دوای ئەوەی کەوتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگەی وەرگرت و ناوی وەزارەتی پێشمەرگەی خستە سەری.
بڵند ئیبراھیم




