''پەکەکە ئایندەیەکی مەترسیدار بۆ شنگال دروست دەکات''

شنگال -KDP.info- شنگال لەدوای ساڵی ٢٠١٤ـوە بووەتە شارێکی پڕ لە کێشە و سیراعاتی نێوخۆیی و ئیقلیمی، بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن، کێشەکە ئەوەندە گەورە بووە خەڵکی شارەکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەی شارەکەیان نەماوە، بۆیە دەبێ چارەسەرێکی نێودەوڵەتی هەبێت.
لەو بارەیەوە مەحما خەلیل، قایقمامی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا شاری شنگال لە دەست هێزە خۆسەپێنەکانی پەکەکەدایە، ئەوانیش بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی تورکیا بێتە شنگال و لە نێوان سیراعاتی هەردوو لادا خەڵکی هەژاری ئێزدی بوونەتە قوربانیی ململانێکانیان''.
قایقمامی شنگال گوتیشی: ''پەکەکە گوێ بە هیچ کەس نادات و ئێزدییەکان وەک قەڵغان بۆ خۆی بەکار دێنیت و ڕێککەوتن لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکات، تەنیا کورد نەبێت، بەڵام ئەوەی خراپە دەستێک لە عێراق هاوکارییان دەکات و حکوومەتی عێراق توانای دەرکردنیانی لە شارەکە نییە''.
ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی شاری شنگال کرا لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەپێی قسەکانی مەحما خەلیل، یەک بڕگەش لەو ڕێککەوتنە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بە بڕوای ئەو، ئەمە زیانگەیاندنە بە ئێزدییان و پەکەکە هۆکاری سەرەکیی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگالە.
هەر لەم بارەیەوە، قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت: ''ئەوەی پەکەکە دەیکات مەترسیدارە، پەکەکە دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ئێزدییان ڕووبەڕووی کارەسات ببنەوە، چونکە ئەوان هۆکاری هێنانەوەی وڵاتانی دیکەن بۆ نێو خاکی شنگال.''
بەپێی قسەکانی قاسم شەشۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەکەکە ئیزدییەکان دەکاتە قەڵغان بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆی و بۆ ئەمەش دەبێت ئێزدییەکان ئاگاداری کردەوەکانی پەکەکە بن، چونکە شنگال خاکی پەکەکە نییە و ئەوان بوونەتە هۆکاری ئەوەی ڕۆژانە تورکیا شنگال بۆردومان بکات.
کــاروان بــاعەدری




