٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیر: ماوەیەکە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕوونەوەی ڤایرۆسی (ئۆمیکرۆن)

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ، سێشەممە، شاندێکی باڵای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئۆفیسی لەناو وەزارتمان هەیە.

د. سامان بەرزنجی لەم بارەیەوە گوتی: ''لەگەڵ شاندێکی باڵای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی کە زیاتر پەیوەندیمان هەبێت، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ کۆرۆنا پەیوەندیمان هەبووە و لە ساڵانی ڕابردووشدا هەماهەنگیمان هەبووە و ئۆفیسیان لەناو وەزارتمان هەیە و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە کاروبارەکانی ئامادەکاری و ڕاوێژکاری و دابینکردنی پێداویستییە زانستییەکان بۆ بڕیارەکان''.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا: ''بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی گۆڕاوی نوێ کە ئێستا لە چەند وڵاتێکی جیهاندا بڵاو بووەتەوە و ناوی ''ئۆمیکرۆن''ـە، ئێمەش ماوەیەکە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە ئەگەر بڵاوبوونەوەی لە کوردستاندا''.

سەبارەت بە ڕەوشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند: ''زیاتر لە سێ میلۆن و ٥٨٧ هەزار پشکنین کراوە و ئەمە ڕێژەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی و پەسند کراوە و ئەم پشکنینانە هۆکاری سەرەکیی دەستنیشانکردن بوونە بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە''.

د. سامان بەرزنجی ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٧٨ هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و زیاتر لە ٣٦٧ هەزاریش چاک بوونەتەوە و ئێستا تەنها سێ هەزار و ٨٣٢ حاڵەت هەیە کە بەشی زۆریان لە ماڵەوە و بەشێکی کەمیان لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریدان.

گوتیشی: لە کۆی ٣٧٨ هەزار و ٦٤٥ تووشبوو لە هەرێمی کوردستان تەنها ٤٦ هەزار و ٥١٢ نەخۆش پێویستیان بە داخلبوون لە نەخۆشخانە هەبووە و حەفت هەزار و ١٢ هاووڵاتییش گیانیان لەدەست داوە و ڕێژەی مردنیش لە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی بووە.

د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا کە ''جگە لە ئاوارە و پەنابەر و گەشتیار و ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و ١٧١ هەزار و ٨٣ هاووڵاتین و تا ماوەیەک لەمەوبەر بڕیارمان وابوو کە هاووڵاتییانی سەروو ١٨ ساڵی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، بەڵام ئێستا سەرووی ١٢ ساڵی ئامانج کراوە، بۆیە چوار ملیۆن و ٣٦٦ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی سەرووی ١٢ ساڵی لە هەرێمی کوردستان پێویستە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن''.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: ١٨٠ سەنتەر و ٤٥ تیمی گەڕۆکی لێدانی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان هەیە کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ئەم تیمانە بۆ ماوەی سێ مانگ بەرکار بوون و تا سەری ساڵە، بۆیە داوامان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە ماوەیەکی ترمان بۆ درێژ بکەنەوە و پشتیوانی لەم پڕۆژەیە بکەن، چونکە دەستکەوتێکی باشی بەدەست هێنا بۆ پێدانی ڤاکسین لەناو شوێنە گشتییەکاندا.

ئاماژەی بەوەش دا کە تا ئێستا دوو ملیۆن و ٥٣٦ هەزار و ١٩٩ ژەم ڤاکسین دابین کراوە کە سەدا ٦٨ی دراوە بە هاووڵاتی و تەنها سەدا ٣٢ی لەبەردەستدا ماوە.

گوتیشی: تا ئێستا ملیۆنێک و ٧٢٩ هەزار و ٣٧٤ ژەم ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان بەکار هاتووە و تەنها ٨٠٦ هەزار و ٨٢٥ ژەم ئێستا بەردەستە.

هەواڵی پەیوەندیدار