وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى سه‌رقاڵى پرۆژیه‌کى گرنگه

هەولێر -KDP.info- وه‌زاره‌تى کار و کاربارى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پلاندانانى حکوومه‌تى هه‌رێم سه‌رقاڵى ئاماده‌کردن و دانانى نه‌خشه‌ڕێگاى پاراستنى کۆمه‌ڵایه‌تى و چاکسازییه له تۆڕى سوودمه‌ندبووانى تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌کسانیى کۆمه‌ڵایه‌تى.
زه‌کیه ساڵح، بریکارى وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تیى حکوومه‌تى هه‌رێم، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "دانانى نه‌خشه‌ڕێگاى ستراتیجى له وه‌زاره‌تى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى به هاوکاریى هه‌ریه‌ک له وه‌زاره‌تى پلاندانان و ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و ڕێکخراوى یونیسێف، یه‌کێکه له پرۆژه نه‌وعییه‌کانى وه‌زاره‌تمان بۆ دروستکردنى سیستمێکى زانیارى له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم و به‌غدا بۆ سوودمه‌ندبووانى تۆڕى چاودێریى کۆمه‌ڵایه‌تى، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر پێداوستى و ئامارێکى دروست کار بۆ هاوکاریکردنى چینى هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌ت بکرێت، کە دواى ته‌واوبوونى ڕێکاره‌کان بڕیارى پێویستى له‌باره‌وه ده‌درێت.''
گوتیشى: "ئامانج له‌م پڕۆگرامه، ئاماده‌کردنى نه‌خشه‌ڕێگایه‌کى چوار ساڵه‌یه، که به شێوەیه‌کى گشتى ئه‌و بنه‌مایانه له‌خۆ ده‌گرێت کە بریتین لە هاوکاریکردنى ماددیى منداڵانى هه‌ژار و ئافره‌تانى دووگیان له بوارى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده و سوودمه‌ندبوونى گه‌نجان و کرێکارانى که‌رتى تایبه‌ت له پلانه‌کانى به‌رنامه‌ى پاراستنى کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێکخستنى به‌ڕێوه‌بردنى سیسته‌مى زانیارى و دامه‌زراندنى تۆمارى تاک".
بریکارى وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى ڕوونیشى کرده‌وه: ''له هه‌مووى گرنگتر له ڕێگه‌ى ئه‌م ستراتیجه‌وه دادپه‌روه‌ریى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌نێو چین و توێژه‌کاندا (چاودێریى کۆمه‌ڵایه‌تى) دێنێته کایه‌وه".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




