نزیکەی ٨٠ هەزار مامۆستا ڤاکسینیان وەرگرتووە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەی ئەو دێڕەی لە پەرتووکی کوردی پۆلی ١٠ هەیە، چارەسەر کراوە و لە ساڵی داھاتوودا پەرتووکێکی نوێ دەخونێدرێت و ئەو دێڕە لابراوە. دەشڵێ، ئەو مامۆستایانەی ڤاکسینینان دانەناوە، بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، چونکە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ پاراستن و سەلامەتیی مامۆستایانە.
ئالان حەمە سەعید، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە دابەشکردنی پرۆسەی نەوت دەکرێت لە قوتابخانەکان و نەوتی ساڵی ڕابردووش لە زۆرینەی قوتابخانەکان ماوە، بۆیە ئەو بابەتە یەکلا بووەتەوە و کێشەی نەوت لە قوتابخانەکان نابێت.
وەزیری پەروەردە گوتیشی، ئەو بابەتەی کە چەند رۆژێکە باسی لێوە دەکرێت کە لە پەرتووکێکی زمانی کوردی ھەیە، ئەوە لە زمانی کوردی خۆی ھەبوو و بەشێکە لە نووسینێک کە لاوکێکە چەندین ساڵە لەناو پرۆگرامەکان ھەبووە، نازانم بۆ ئێستا ورووژێندراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ھەیە و لەو کاتەوە ساڵانە ئەو پەرتووکە چاپ کراوە، ئێمە لە مانگی سێی ئەمساڵ بڕیارمان داوە پێداچوونەوە بە ھەموو پرۆگرامەکانی خوێندن بکەین و زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ ناونیشانمان لە وەزارەتی پەروەردە ھەیە، لە باخچەی ساوایان تا دەگاتە ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانیەوە و بە پەیمانگاکانیشەوە، کە پێداچوونەوەی پێویستە لە پلەبەندی و زانستی و لە مانگی سێ فەرمانی دروستکردنی لیژنەکان دراوە بۆ پێداچوونەوە بەچەندین بابەت.
ئالان حەمە سەعید ئاماژەشی دا، لە ٢٧/١٠ لیژنە لە ھەموو پارێزگاکان لەسەر پەرتووکی کوردی پۆلی ١٠ دانیشتوون و لەوێ بڕیاریان داوە ئەوەی پێویستی بە پێداچوونەوە ھەبێت بکرێت، پێداچوونەوەکە کراوە و بەشی رێزمانیشی تەواو بووە و تەنھا بەشێکی کەمی ماوە، بۆ ئەوەی ساڵی داھاتوو پەرتووکێکی نوێ لە پۆلی ١٠ بخوێندرێت، ئەوەی جێی سەرنج بوو بۆ ئێستا ئەو بابەتە باس کرا، کە ئەوەش تەفسیری زۆر ھەڵدەگرێت.
حەمە سەعید ڕوونیشی کردەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکەوەژیانی ئاینین و پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستانە و، رێزی لێ دەگرین و کاری جددیشی بۆ دەکەین، ئەگەر بابەتێکی پێش چەند ساڵ ھەبێت بەرپرسیارەتی ئێمە نییە، بەڵام بەرپرسیارێتیی ئێمەیە چاکی بکەین و چاکیشمان کرد، چونکە پرۆگرامەکانی خوێندن ھەڵەی زانستیی تێدا بووە و پێویستی بە پێداچوونەوە ھەبووە، بۆیە ئەوەی کەموکوڕی بێت چاکی دەکەین.
دەشڵێ، گرێبەست کراوە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو کە مافی دەستکاریکردنی پەرتووکەکانیشمان نییە، بەڵام ئێمە چاکسازیمان کردووە و کۆمپانیامان ھێناوە بۆ گفتوگۆ و گوتوومانە پێویستە ماف بدرێتە وەزارەت و مافی پێداچوونەوەمان ھەبێت، ئێمە کردوومانە لەم کابینەیە و بە بەڵگەش کردوومانە، بۆیە ئەو بابەتە وەکو حکوومەت نیەتێک نییە بێڕێزی بە ھیچ ئایینێک بکرێت و ئێمە دەمانەوێت پێکەوەژیان قووڵ بکەینەوە.
وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند، پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان بەردەوامە و ئەوانەی ژەمی یەکەم و دووەمیان وەرگرتووە نزیکەی ٨٠ هەزار مامۆستان، بێگومان ئەوەی دەشکرێت بۆ پاراستنی مامۆستایە، ئەگەر مەترسیی کۆرۆنا نەبێت، بۆ داوا لە مامۆستایان دەکەین ڤاکسین دانێن، بۆیە مەبەستی ئێمە سەلامەتیی گیانی مامۆستایە و ئەوانەی تا یەکی ١٢ ڤاکسینیان دانەنابێت، ئاگادار دەکرێنەوە و دواتریش بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




