ئەوانەی باس لە راگرتنی بەنزین لە بەغداوە بۆ ھەرێم دەکەن ڕاست نییە

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک ئاشکرای کرد، ھاتنی بەنزین لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە و تەنھا ھەندێک کێشەی تەکنیکی ھەبوو، ئەگەرنا ھاتنی بەنزین بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت.
موحسین تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھاتنی بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و تەنھا ھەندێک کێشەی تەکنیکی لە بەغدا ھەبووە، کە پەیوەندی بە خۆیانەوە ھەبوو، بەڵام ئەو کێشانە چارەسەر کراون و ھاتنی بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان رانەگیراوە و بەردەوام دەبێت.
تەھا گوتیشی: "بڕیارە ئەمڕۆ پشکی پارێزگای دھۆک لەو بەنزینەی لە عێراق دێت، بگاتە پارێزگای دھۆک و ھەر کاتێک بە دەستمانیش بگات، بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەشی دەکەین، بۆیە ئەوانەی باس لە راگرتنی بەنزین لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ڕاست نییە و ھاتنی بەنزین بەردەوام دەبێت بەپێی ئەو رێککەوتنەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا کردوویەتی".
بڵند ئیبراھیم




