باڵیۆزی هیندستان: هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێک بکەنە پلانی داهاتووتان

هەولێر-KDP.info- بڕیارە کۆمپانیاکانی وڵاتی هیندستان چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنان له هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بەرپرسێکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانیش دەڵێ، ژمارەیەک کۆمانیا و کارگەی هیندستان لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێن.
کەمال ئاغا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، کۆنفڕانسێک لە نێوان بازرگان و وەبەهێنەرانی کوردستان و هیندستان بەڕێوە چوو و تێیدا جەخت لەسەر رۆڵی هیندستان کرایەوە لە کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان وەک وڵاتێکی گرینگی جیهان، کۆمپانیا هیندییەکانیش بڕیاریان داوە بەشداری لە کەرتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا بکەن.
جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەران دەشڵێت، بڕیارە لە کەرتی دەرمان و تەندروستی و ئاسن و ئایتی و خۆراک، هیندستان ژمارەیەک کارگە لە هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە و لە دەرفەتی هەلی کار دەگەڕێن بۆ وەبەرهێنان.
کەمال ئاغا، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، باڵیۆزی هیندستان وبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی راسپارد، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێک بکەنە پلانی داهاتوویان، چونکە ئەوان نەیانشاردەوە پێشتر بە هۆی رەوشی ئاڵۆزی عێراقەوە وەک پێویست پێگەی بازرگانی و وەبەرهێنانیان نەبووە، بەڵام جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ئاڵۆزییەکانی عێراق و بە بێ ترس سەرمایەی خۆیان لە کوردستان دەخەنە گەڕ.
قائید میرۆ




