٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشداربووانی کۆڕبەندی ئاشتی لە ئیمارات ھیوای گواستنەوەی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی ھەرێمی کوردستانیان خواست

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد لە وڵاتی ئیمارات کۆڕبەندی ئاشتی بەڕێوە چوو و تێیدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشداریی کرد و تێیدا ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان بەرز نرخێندرا لە پێشوازیکردنی ئاوارە و لێقەوماوان بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی، بۆیە بەشداربووانی کۆڕبەندەکە ھیوایان خواست ئەو ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانیان بگوازنەوە.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەژێر چاودێریی  عەبدولڵا بن زاید ئال نەھەیان، وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا لە ھەشتەمین بە یەکگەیشتنی نێودەوڵەتیدا کۆڕبەندی بەھێزکردنی ئاشتی لەژێر ناونیشانی ''ھاووڵاتیبوونی گشتگیر لە ھاووڵاتیبوونی ھاوبەش بۆ ویژدانی ھاوبەش''دا لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێوە چوو کە نزیکەی ٥٠٠ کەس لە کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و ئەکادیمی و حکوومییەکانی جیھان بەشدارییان تێدا کرد.''

نەبەز ئیسماعیل گوتیشی: ''وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بە بانگھێشتی فەرمی لەلایەن شێخ عەبدولڵا بن بیە، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیفتای شەرعیی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی کۆڕبەندەکەوە، لە کۆنفرانسەکەدا بەشداریی کرد و لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفراسەکەدا د. پشتیوان سادق بەجیا لەگەڵ شێخ نەھیان بن موبارەک، وەزیری لێبووردەیی و پێکەوەژیان و ڕیم ئیبراھیم ھاشمی، وەزیری دەوڵەت بۆ ھەماھەنگیی نێودەوڵەتی و دکتۆر محەمەد عەبدولکەریم، ئەمینداری ڕابیتەی جیھانی ئیسلامی و شێخ عەبدولڕەحمان بەید و د. سوڵتان ئەلڕومەیسی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی پیرانی موسوڵمان و ژمارەیەک لە وەزیر و کەسایەتییەکان کۆ بووەوە.''

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف باسی لەوەش کرد: ''لە دیدارەکاندا د. پشتیوان سادق ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە برەودان بە گیانی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی ڕوون کردەوە و، ھەوڵەکەنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لە پێشوازی و دابینکردنی شوێنی ژیان و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی بۆ ئاوارەکانی پێکھاتە جیاوازەکانی ناوچەکە بەبێ جیاوازیی نەتەوە و ئایین خستە ڕوو کە لە کاتی لێقەوماندا ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.''

نەبەز ئیسماعیل جەختی لەوەش کردەوە: ''لەلایەن کەساتییە بەشداربووەکانی کۆڕبەندەکەوە ڕۆڵی بێوێنەی ھەرێمی کوردستان بەرز نرخێنرا، بەتایبەتی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە پاراستنی مافی پێکھاتەکان و ئەو ژینگە لەبارەی بۆ نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی پێک هێناوە کە بووەتە بەشێک لە کەلتوور و شارستانیەتیی پڕشانازیی ھەرێمی کوردستان.''

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش دا: ''بۆ پێکهێنانی پەیوەندییەکی بەھێزتر، لەمیانی دیدارەکاندا، بەشێک لە بەرپرسانی باڵای بەشداربووی کۆڕبەندەکە ئارەزووی گرێدانی ھەماھەنگی و جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکیان کرد کە لە داھاتوودا لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن و هیواشیان خواست بۆ گواستنەوی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی کوردستان بۆ ناوچەکانیان.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار