پهرلهمان: ژمارەیەک پێشنیازمان داوەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ هەرزانکردنی نەوت

هەولێر-KDP.info- لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ژمارەیەک پێشنیازیان داوەتە حکوومەت لەبارەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان و ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێ، یەکێک لە پێشنیازەکان، هەرزانکردنی نرخی نەوتە لە بازاڕدا.
ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو پێش وەرزی زستان بەشەنەوتی ماڵان بەسەر هەموو هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت، بەڵام پڕۆسەکە کەمێک بە خاوی بەڕێوە دەچێت و تەنیا 45 ملیۆن بەرمیل دابەش کراوە لە ناوچە شاخاوییەکان، ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 283 ملیۆن بەرمیل هەیە، بۆ ئەوەی هەموو ماڵێک بەرمیلێک نەوتی بەرکەوێت، ئەو نەوتەش کە دابەش کراوە، هەمووی لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە".
ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی لیژنەی سامانە سرووشتیەکاندا ژمارەیەک پێشنیازمان داوەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە دابەشکردنی نەوتی ماڵان و هەموو ماڵێک بەشەنەوت وەربگرێت".
بابکەیی روونیشی کردەوە: "یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە، رێگە بە نەوتی بازرگانی بدرێت بۆ ناو هەرێمی کوردستان، هەتا کاریگەری لەسەر هەرزانبوونی نرخی نەوت لە بازاڕدا هەبێت، چونکە ئەو پەنجا ملیۆن لیترەی بڕیار بوو حکوومەتی فیدڕاڵ بیداتە هەرێم، تا ئێستا رەوانەی نەکردووە".
قائید میرۆ




