٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ: لە ماوەیەکی کورتدا ئارد بۆ دەرەوەش ھەناردە دەکه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بنەتۆو و چاندن لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پێشبینی دەکرێت ئەم ھەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندن بکەن. دەشڵێت، دوو کارگەی ئارد لە ھەرێمی کوردستان کەوتوونەتە کار و رۆژانە ھەزار و ٥٠٠ تۆن ئارد بەرھەم دێنن.

رێژین سدقی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەو بارانەی تا ئێستا باریوە، وەکو پێویست نییە و ١٦ملم باران باریوە، کە ئەمەش کەمە بۆ کێڵان و چاندن، چونکە بۆ کێڵان و چاندن پێویستی بە ٣٥ تا ٤٠ملم باران ھەیە و چاوەڕێ دەکرێت لەم ھەفتەیەدا بارانبارین دەست پێبکات و جووتیاران دەست بە کێڵان و چاندن بکەن، لەبەر ئەوەی ساڵانە بۆ ئەوەی بەرھەمی باش ھەبێت، پێویستە زیاتر لە ٤٥٠ملم باران ببارێت، بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەمساڵ پشت بە بیرەکان دەبەستن و ئەمەش کارێکی باشە، دواجاریش باران بۆ چاندن باشتر و بەھێزترە.

بەڕێوەبەری بنەتۆو و چاندن لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "ئەمساڵ ٥ هەزار و ٣٥ تۆن بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دابەش کرا، ئەمە ئەمساڵ ئەو توانایەمان ھەبوو و لە ساڵی داھاتووشدا رێژەکە زیاتر دەبێت و بەرنامەمان ھەیە ساڵ بەساڵ رێژەکە زیاتر بکەین، چونکە ئەو رێژەیەی ئەمساڵ دابەش کرا، کەم بوو بە ھۆی کەمیی توانای داراییەوە".

سدقی ڕوونیشی کردەوە: "ئەمساڵ دوو کارگەی بەرھەھێنانی ئارد لە ھەولێر و سلێمانی کەوتوونەتە کار و بۆ ساڵی داھاتوو ئەوەی دھۆکیش دەکەوێتە کار و دەبنە سێ کارگە، کە ئەوەی ھەولێر رۆژانە ھەزار تۆن و ئەوەی سلێمانیش ٥٠٠ تۆن بەرھەم دێنن، لە ماوەیەکی کورتیشدا بەرھەم زیاد دەبێت و پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکات و بۆ دەرەوەش ھەناردە دەکرێت".

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئەو ئاردەی لە ھەرێم بەرھەم دێت، کوالیتییەکی زۆر باشی ھەیە و نرخەکەشی لە ھەر تۆنێک ٤٠ دۆلار لە ئاردی ھاوردە هەرزانترە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار