کاکەیی: مەترسیی جینۆسایدی دووبارە لەسەر کورد ماوە

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ڕۆژی ڕێزگرتنە لە قوربانیانی جینۆساید و پارێزەرێکی دۆسیەی جینۆسایدیش دەڵێت، چوار دۆسیەی کورد بە جینۆساید ناسێندراون و مەترسی ھەیە جینۆسیاد بەرامبەر بە گەلی کورد دووبارە ببێتەوە.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەیسی جینۆساید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق داداگای باڵای تاوانەکان لە عێراق دامەزرا و نووسینگەیەکی لێکۆڵینەوەی لە ھەولێر کردەوە، لە ھەرێمی کوردستان ئێمە ١٦ دۆسیەمان دژی ڕژێمی پێشووی عێراق تۆمار کرد و لەو دۆسیانە شەش دۆسیە پەسەند کران و چوار دۆسیەش بەفەرمی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بەجینۆساید ناسێندران.''
ڕۆژی 9ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک ڕۆژی یادکردنەوە و ڕێزگرتنە لە قوربانیانی جینۆساید و لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی کارەساتە یەک لە دوا یەکەکانی جینۆسایدەوە ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت.
ئەو پارێزەرەی جینۆساید دەشڵێت: "ھەوڵەکانی کورد بۆ ئەوەی تاوانەکانی دژی کورد بە جینۆساید بناسێندرێن، ھەوڵی دڵخۆشکەرن، چونکە پرسی جینۆسایدی کورد جیاوازە لە ئەرمەنەکانیش، لەبەر ئەوەی تورکیا نکۆڵی لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکان دەکات و حکوومەتی عێراق خۆی ددانی بەوەدا ناوە کو کورد جینۆساید کراوە.''
لەبارەی مەترسیی جینۆسایدی گەلی کوردەوە، ئەیاد کاکەیی ڕوونی کردەوە: "تا ئەو کاتەی عێراق نەبێتە ئەندام لە دادگای باڵای تاوانەکانی جیھاندا مەترسیی دووبارەبوونەوەی جینۆساید ھەر دەمێنێت، لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش بینیمان ھێزەکانی حەشدی شەعبی چەندین تاوانی دژی گەلی کورد ئەنجامدا و ھەموو ئەو تاوانانەش دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە''
قائید میرۆ




