٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. بەشیر بۆ KDP: ھەمووان پێوستیان بە رای ھەولێر ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆ لە نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی بە گەرموگوڕی دەستی پێكردووە و ھەرێمی كوردستانیش رۆڵێكی گەورەی لە یەكلاكردنەوەی كێشەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ دەبێت. دەشڵێ، ھەولێر وەك ھەمیشە دەبێتەوە شوێنی گفتوگۆكان و لە كۆتاییشدا لە ھەولێر حكوومەتی تازە یەكلا دەبێتەوە.

دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، گفتوگۆكانی ئەمجارە ھەندێك زەحمەت دەبن بە ھۆی ئەوەی ناكۆكی ھەیە و كاتی زیاتری پێویستە، بەڵام لایەنە عێراقییەكان بە گەرموگوڕی كەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر شێوازی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ و دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، كە حكوومەت دروست بكات.

حەداد گوتیشی، ھەرێمی كوردستان رۆڵێكی گەورە و بەرچاوی دەبێت لە یەكلاكردنەوەی كێشەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە ھەولێر وەكو ھەمیشە بووەتە شوێنی گفتوگۆكان و بەردەوام شاند دێن بۆ ھەولێر و ھەمووان پێوستیان بە رای ھەولێر ھەیە، كە لەكۆتاییدا ھەولێر دەبێتە یەكلاكەرەوەی شێوازی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق، بۆیە پێویستە بە یەكدەنگییەوە كورد گفتوگۆ بكات و بە وریاییەوە مامەڵە بكات، هەروەها جەخت لەسەر دەستوور بكەنەوە و گەرەنتییەكی مەبدەئی و نێودەوڵەتی وەربگرن بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و دەركردنی ھەندێك یاسا، وەكو یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و كۆتاییھێنان بە رێكارەكان و ئالیەتی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠.

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، لە حكوومەتی تازەدا كەسانی نوێ دێنە پێش، چونكە جگە لە لایەنەكان، ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ ھەن و ئێستا ئەوانیش سەرقاڵی دروستكردنی بەرەیەكن و دەیانەوێ ھاوپەیمانییەك دروست بكەن و ببنە ھێزێك و كاریگەرییان لەسەر رووداوەكان ھەبێت، بۆیە گۆڕانكاری دەكرێت و پێویستە كوردیش ئەو گۆڕانكاریانە بە ئیجابی بۆ خۆی وەربگرێت و ھەوڵ بدات دەستكەوتی زیاتر بەدەست بێنێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار