جوڵەی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاد بووە، کە بەپێی دوایین ئامار، زیاتر لە ٥٠٠ مامەڵەی بازرگانی زیادیان کردووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە سەرەتای ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی جموجۆڵی بازرگانی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە، ئەمەش بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە ئاسانکاری بۆ بازرگانان کراوە و ئەمساڵیش بەپێی دوایین ئامار، ٢ھەزار و ٧٩٩ مامەڵەی بازرگانی مۆڵەتیان پێ دراوە بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەلی بازرگانی، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٥٣٠ مامەڵە زیادیان کردووە، ئەمە لەسەر ئاستی ھەر چوار مەرزی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان.
شێخ کامیل گوتیشی، مۆڵەتدان بە مامەڵەی بازرگانی بەردەوامە و لە کۆتایی ساڵ ئامارێکی وردترمان دەبێت بۆ ساڵەکە بە تەواوی، جگە لەوەش مۆڵەت بە ٨٠٦ مامەڵەی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دراوە و زیاتر لە ١٠١ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون، ئەمە جگە لەو مامەڵانەی بۆ ھاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵی و بیناسازی و دەرمان و خۆراک دراون.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھاوردەش کراون، ھەموو بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی بووە، کە مۆدێلیان لە ٢٠٢٠ کەمتر نەبووە، چونکە مۆدێلەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ قەدەغە کراون، بەڵام ئەو ھەموو ئۆتۆمبێلە بۆ ھەرێمی کوردستان نییە و بۆ ناوچەکانی عێراقیش دەڕوات.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئەو ھۆکارانەی بوونەتە ھۆی زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانی، بریتین لەوەی کە دەسەڵاتەکانی پێدانی مۆڵەت بە بازرگانان بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەل دراوە بە پارێزگاکان و لە دھۆک نووسینگەیەکمان کردووەتەوە و ئەوان ئێستا مۆڵەت بە بازرگانان دەدەن، هەروەها لە دەروازەکانی سنووری، خۆیان کەلوپەل ھاوردە دەکەن، کە ئەمە ئاسانکاریی باشی کردووە و لە ساڵی داھاتووشدا لە پارێزگاکانی دیکەش نووسینگەکان چاڵاک دەکەین و فەرمانبەریان بۆ دادەمەزرێنین، بۆ ئەوەی بە زوویی کارەکان ڕایی بکرێن و پێویست بەوە نەکات بگەڕێنەوە بۆ پارێزگا بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بازرگانی.
بڵند ئیبراھیم




