ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب هێرشەکانی داعش ڕیسوا دەکات
__2021_12_08_h18m22s9__HK.jpg)
میسر -KDP.info- لە میانەی پێشوازیکردنی دکتۆر ئەحمەد ئەبووغێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب لە شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی میسر، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە باڵاخانەی کۆمکاری عەرەب لە قاهیرە، هێرشە تیرۆریستییەکانی داعشی ڕیسوا کرد و هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەربڕی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو سەردانە و سڵاو و ڕێزی هەبوو بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی و ئاماژەی بە ڕۆڵی جەنابیان کرد لە سەقامگیریی ناوچەکە و هیوای خواست عێراق زاڵ بێت بەسەر گرفتەکانیدا، هەروەها ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لە بنیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنیدا و باسی لە ڕۆڵی گرنگی کورد کرد بۆ تەبایی و پێکەوەژیان و ئامادەییی خۆیشی دەربڕی بۆ هەر هاوکاری و پێویستییەک.
لە لای خۆیەوە، بەرپرسی مەکتەبی قاهیرەی (پ د ک) سوپاسی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و هاوخەمیی بۆ قوربانیانی هێرشەکانی داعش دەربڕی و سڵاو و ڕێزی جەنابی سەرۆک و سەرکردایەتیی پارتیی گەیاندە بەڕێزیان و هیوای خواست کۆمکاری عەرەبی و خودی ئەمینداری گشتی ڕۆڵی زیاتریان هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و پابەندبوونی بە دەستوورەوە و، بە تێروتەسەڵییش باسی دواپێشهاتەکان و دۆخی ئیستای عێراق و کوردستانی کرد، هەروەها بەرپرسی مەکتەبی (پ د ک) ئاماژەی بە پێکەوەژیان و تەبایی و ئارامیی کوردستان کرد و ئەوەشی خستە ڕوو کەوا کورد هەردەم ئامرازی چارەسەر و تەبایی و پێکەوەژیانە و دەخوازێت دوور لە ئاڵۆزی و گرفت، کێشەکان چارەسەر بکرێن و هیچ کاتێک ئارەزوومەندی شەڕ نەبووە، هەروەها باسی لە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: ''ئێمە ڕێز لە دراوسێکان دەگرین لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دوور لە دەستتێوەردانی ناوخۆیی'' و لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندیی میژووییی نیوان کورد و میسر کرا.
لە کۆتاییدا بەرپرسی مەکتەبی (پ د ک) دووبارە سوپاسی بەڕێزیانی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە سەردانی کوردستان بکات و پەرتووکی جەنابی سەرۆک بارزانی (بۆ مێژوو - للتاریخ)ی پێشکەشی بەڕێزیان کرد.
هەر لە میانەی سەردانی بەرپرسی مەکتەبی (پ د ک) بۆ کۆمکاری عەرەبیدا، چاوی بە شاعیر و ئەدیبی عێراقی، دکتۆر (عصام ئەلبەرام)، وەزیر مفەوەز لە کۆمکاری عەرەب کەوت و لەو دیدارەشدا باس لە پتەوکردنی بواری کەلتووری و ڕۆشنبیری کرا و دکتۆر ئەلبەرام ئامادەییی خۆی دەربڕی بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکارییەک.




