ئەمەریکا لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت

هەولێر -KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕۆبەرت پالەدینۆ، کۆنسووڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتییان کرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز پالەدینۆ هاوخەمیی خۆی و وڵاتەکەی بۆ گەلی کوردستان و خێزانی شەهیدانی چەند هەفتەی ڕابردوودی دەستی تیرۆر ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی سەربازی و پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە میانەی ئەو دیدارەدا دواین پێشهات و ڕووداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان باسی لێوە کرا، بەڕێز سیوەیلی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند: ''پاش پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئێستا هەموو لایەنەکان سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی فیدراڵن و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکان بەردەوامن و هیواخوازین تەواوی پارتە سیاسیەکانی عێراق پێکەوە کار بکەین تاکوو پێکەوە خزمەت بە گەلانی عێراق بکەین. پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکوو سیاسەتی کابینەی داهاتووی بەلاوە مەبەستە کە خزمەتێکی شایستە بە گەلانی عێراق بکات و بتوانێت عێراق بکاتەوە خاوەنی سیادە و بڕیار و سیاسەتی خۆی و گەڕانەوەی پێگەی دەوڵەت.''
هەماهەنگیی سەربازی و هەواڵگریی هێزی پێشمەرگەی و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. هەردوولا هاوڕا بوون بۆ کۆتاییھێنان و لاوازکردنی تیرۆریستان و هێزەکانی دژ بە دەوڵەت پێویستە هاوکارییەکان زیاتر چڕ بکرێنەوە و گرنگیی تەواو بە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و هێزەکانی بدرێت. بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گرنگە بەپێی دەستوور پڕ بکرێتەوە و چی دیکە ڕێگە نەدرێت تیروریستان ببنە مایەی ناسەقامگیری و کوشتن و وێرانکاری ئەو ناوچانە.
باردۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی لەو دیدارەدا باسی لێوە کرا و کۆنسووڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و پاڵپشتی و هاوکارییەکانی بۆ هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت. دواین قوناغی کشانەوەی هێزی سەربازیی شەڕکەری ئەمەریکا باسی لێوە کرا کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی ئەمەریکا و عێراقدایە، بەڵام ئەمەریکا لە هاوکاریی سیاسی و ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتیی خۆی بۆ گەلانی عێراق بەردەوام دەبێت.
هۆشیار سیوەیلی سوپاسی گەل و حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد کە لە ساڵی ١٩٩١ـوە بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری گەلی کوردستان بوون و، جەخت لە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنیش کردایەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا.




