بە گوژمەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار پێداویستی بۆ قوتابخانەکان دابین دەکرێت

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی قوتابخانەکان خەرج کرد و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش دەڵێت، زۆرێک لە پێداویستییەکانی خوێندن بەو پارەیە دابین دەکرێت.
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە بە خەرجکردنی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە و قوتابخانەکان، پارەکە بۆ کڕینی پێداویستی ناوەندەکانی خوێندن خەرج دەکرێت، لەوانەش کڕینی پێنج ھەزار ڕەحلە بۆ قوتابیان و پێنج ھەزار وایتبۆرد و یەک ھەزار و ٥٠٠ سۆپا و ٥٠٠ لاپتۆپ.''
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی: "ھەموو پێداویستیی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماسک و پاککەرەوە و پێداویستیی خۆپارێزی بۆ ھەموو قوتابخانەکان دابین دەکرێت، پارەکە بەسەر ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و کەرکووکیشدا بەگوێرەی ژمارەی قوتابیان دابەش دەکرێت.''
حەسیبە گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خەرجکردنی ئەو پارەیە ھەنگاوێکی باشە بۆ گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی پەروەردە و نەھێشتنی جیاوازیی نێوان خوێندنی حکوومی و ئەھلی، ئەمەیش لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی حکوومەتە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و چارەسەرکردنی پێداویستیی قوتابخانەکان.''
قائید میرۆ




